گەزیزە کتێبی "دەرهێنەری ئەكتەر" دەكاتە كوردی

رووداو - هەولێر

ئەكتەر و دەرهێنەری كورد گەزیزە عومەر، سەرقاڵی وەرگێڕانی كتێبی DIRECTING ACTORS ی نووسەری بەناوبانگی ئەمریكی JUDITH WESTON ە كە نێوەڕۆكەكەی باس لە چۆنیەتی رۆڵبینینی ئەكتەرەكان لە فیلم و دراماكاندا دەكات.

گەزیزە عومەرگەزیزە عومەر بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند، كتێبەكە 400-450 لاپەڕە دەبێت و تاوەكو ئێستا بۆ 17 زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە، منیش دەمەوێ لە رێگەی ئەو كتێبەوە خزمەتێك بە هونەری فیلم و سینەمای كوردی بكەم، چونكە ئەو كتێبە لە چەندین زانكۆ وەكوو پڕۆگرام دەگوترێتەوە.

گەزیزە عومەر هەروەها گوتی: "وەرگێڕانی ئەو كتێبە خەونی من بوو، چونكە ئەو كتێبە دەتوانێت ئەكتەری باش پەروەردە بكات و خوێنەریش ئەزموونێكی زۆری لێ وەردەگرێت، هیواداریشم وەكو پڕۆگرام لە بەشی فیلمسازیی زانكۆكانی كوردستان بخوێنرێ".

سەبارەت بە لە ئەستۆگرتنی چاپی كتێبەكەش، گەزیزە گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر- بەشی سینەما ئەركی چاپكردنی كتێبەكەیان گرتووەتە ئەستۆ، وەرگێڕانەكەی تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی هەڵەچنیندایە".