ژیان چییە؟ مەرگ چییە؟ من کێم؟

وەرگێڕان: هەژار

ناساندن

سڵاو، من هان کانگم و ڕۆماننووسم. هەمیشە بۆ من ئەزموونێکی تایبەت و ئێجگار خۆش بووە کە چاوم بە خوێنەرانم بکەوێ و لە نزیکەوە بیانبینم. وەرگێڕان تاکە پرۆسێسە کە تیایدا کتێبێک سەرلەبەر و دووبارە لەدایک دەبێتەوە و منیش زۆر خۆشحاڵ و سوپاسگوزارم کە بتوانم لەڕێی ئەم پرۆسێسە پڕبایەخەوە پێتان بگەم و بە دیدارتان شاد بم.

چۆن بوویت بە نووسەر؟

هان کانگ: هەمیشە کە منداڵ بووم دەمخوێندەوە. ماڵی ئێمە زوو زوو باری دەکرد، بۆیە منیش زۆر قوتابخانەم دەگۆڕی و لە بیرمە بۆ خۆم دەمخوێندەوە هەتا ئەو کاتەی هاوڕێی تازەم بۆ پەیدا دەبوو. کە منداڵ بووم تەنها بۆ خۆشی و چێژی پەتی دەمخوێندەوە، دواتر کە بوومە مێردمنداڵ هەمدیسان بە چاوێکی دیکەوە گشت ئەو کتێبانەم خوێندنەوە. هەموو ئەو پرسیارە تایبەتانەی لە سەردەمی لاوی و مێردمنداڵیدا دەکرێ، من لە خۆمم کرد، مانای چییە مرۆڤ بیت؟ ژیان چییە؟ خەڵک بۆ دەمرێ؟

من کێم؟ کاتێکیش هەمدیسان ئەو کتێبانەم خوێندنەوە، سەرم سوڕما کە وەڵامی هیچ کام لە پرسیارەکانم وەرنەگرتەوە- تەنیاوتەنیا پرسیار هەبوو، وەڵام نەبوو. هەستم کرد نووسەرانیش وەکوو من لە ئاست وەڵامی پرسیارەکاندا دەستوپێ سپی و بێسەرەداون، هەمان ئەو پرسیارانەیان کردووە و نووسیویانە کە من هەمبوون. لەبەرئەوە هەستم بە جۆرێک نزیکایەتی و لەوانچوونێک کرد، ئەگەرچی من ئەوسا تەنیا لاوێک و بوونێکی ناگرینگ بووم و پێم وابوو ئەگەر نووسین شتێکە لەبارەی پرسیارکردن و دۆزینەوە و پەیداکردنی وەڵام هیچ گرینگ نییە، ئەوا منیش دەتوانم بەو جۆرە بنووسم.

دەتوانیت بەکورتی باسی خۆت بکەیت؟

هان کانگ: من ئەدەبی کۆریاییم لە زانکۆ خوێندووە. پاش ئەوەی زانکۆم تەواو کرد و لەوێ دەرچووم، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە وەشانخانە و گۆڤارەکاندا کارم کرد. کتێبم دروست دەکرد، چاوپێکەوتنم لەگەڵ خەڵک دەکرد و وتارم دەنووسی، بە ئەرک و راسپاردەیش دەچوومە گەشت. دوای ئەوەی خۆم دەستم کرد بە نووسین، کاتی وا هەبووە بەتەواوی سەرقاڵی نووسین بوومە و کاتی واش هەبووە لە پەناوە وانەم گوتووەتەوە؛ سا ئیتر ئاوا زەمەن تێدەپەڕێ و دەڕوا.

وەکوو نووسەر چ کات هەست بە ڕەزامەندی و خۆشی دەکەیت؟

هان کانگ: بە لای منەوە، نووسین پرسیارکردنی بێکۆتایە لەبارەی ئەوەی ژیان چییە، مەرگ چییە، من چیم. وەختایێک کە دەنووسم، بەتایبەت ئەو کاتانەی ڕۆمان دەنووسم، یەک، دوو، سێ، هەندێ جاریش چوار ساڵ شتی تێدا دەگۆڕم. بۆیە هەر کات هەست دەکەم وەک نووسەرێک بەرەوپێش چوومە، کاتێ دەبینم بە دوای ئەوەدا دەگەڕێم مانای چییە مرۆڤ بیت بە جۆرێک کە لە کتێبێکمەوە بۆ کتێبێکی دیکەم ڕێگە و شێوازی جیاواز دەگرمە بەر، ئەوە ئەو کاتانەیە کە دڵخۆشم بەوەی دەبمە نووسەر.

ڕۆمانی ''ڕووەکی''ـت باسی...؟

هان کانگ: پاڵەوانەکە کە ژنێکە و ناوی ''یۆنگ هێ''ـیە، ڕووەکخۆری وەک شێواز و ڕێگەیەک بۆ ناتوندوتیژی و زیاننەگەیاندن بە هەرشتێک دەبینێتەوە. خواردنی گۆشت سیمبولی توندوتیژیی مرۆڤە، توندوتیژیی ئەم جیهانە، هەر بۆیە ''یۆنگ هێ'' ڕووەکخۆریی تەواوەتی وەکوو ڕێگەیەک بۆ خۆپاکژکردنەوە و خۆبێبەریکردن لەو توندوتیژییە هەڵدەبژێرێ. بەڵام دواتر ئەوەی لا دروست دەبێ کە ڕووەکە زیاتر لەوەی مرۆڤ بێ و بە تەواوەتی دەست لە خواردن هەڵدەگرێ و خۆی لێ دەگرێتەوە. تەواو تەواو هیلاک دەبێ، لەگەڵ ئەو دەرەنجامە تەوسئامێزەی کە ئەوەی ئەو کردی بۆ ڕزگارکردنی خۆی بە کوشتنی کۆتایی دێ.

ڕۆمانی ڕووەکی لە چییەوە سەرچاوەی گرت؟

هان کانگ: چیرۆکێکی کۆنم هەیە ناوی ''میوەی ژنەکەم''ـە، هیی دە ساڵ و شتێکی وا لەمەوبەرە، دەربارەی ژنێکە کە بەڕاستی و بە جەستە دەبێ بە ڕووەک و مێردەکەی دەیخاتە ناو ئینجانەی گوڵەوە و ئاوی دەدا و خەمی لێ دەخوا و بەردەوام ئاگاداری دەبێ. هەمیشە دەمویست شتێکی وا بنووسم کە درێژکراوەی ئەو چیرۆکە بێ، ئەوە یەکەم هاندەری من بوو بۆ نووسینی ''ڕووەکی'' و دووەم هاندەریشم ئەوە بوو هەمیشە کونجکۆڵ بوومە لەبارەی توندوتیژیی مرۆڤەوە، دەمویست بە دوای ئەوەدا بگەڕێم ئەگەر بێگوناهیی مرۆڤ شیاو و کاری کردە بێ، کەوایە ئەو شتە چییە وا لە مرۆڤ دەکا مەجبوور بێ زاڵ بێ تا بتوانێ پێشڕەویی ژیانێکی بەتەواوەتی بێگوناهـ و بێخەتا بکا.

دەتەوێ لەڕێی ئەم ڕۆمانەوە چ پەیامێک بگوازیتەوە؟

هان کانگ: دەکرێ کەسێک بەتەواوی بێگوناهـ بێ؟ چی ڕوودەدا ئەگەر ئێمە سوێند بخۆین و نەزر بکەین ئازاری هیچ شتێک نەدەین؟ گوناهـ چییە و ڕزگاری چییە؟ جوانی چییە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە هیوام دەخواست لەگەڵ خوێنەرانی ئەم کتێبەدا بەشیان بکەم.

کەسایەتیی دڵخوازی تۆ لەم ڕۆمانەدا کێیە؟

هان کانگ: ئەم ڕۆمانە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەڵام تەوسئامێزانە پاڵەوانەکە، یۆنگ هێ، دەنگێکی دیاری نییە. ئەو کەسایەتییەکی بێدەنگە، کە چاودێری دەکرێ، هەواوهەوەسی لەسەر تاقی دەکرێتەوە، بە هەڵە لێی تێدەگەن، جێی بەزەیی ئەوانی دیکەی ناو ڕۆمانەکەیە و بە تایبەتیش لەبەر ئەو هۆکارانە کاتێک ئەوم دەنووسی، زۆرم ئاگام لێی بوو و خەمم لێی دەخوارد. پاش ئەو بەزۆری هەستم بۆ ''ئین هێ''ـی خوشکی هەیە. دەتوانیت بڵێیت ڕۆمانەکە دەربارەی ئەم دوو خوشکەیە. هەرگیز ئەوانی تر لە ''یۆنگ هێ'' تێناگەن، بەڵام ''ئین هێ'' ئەو کەسایەتییەیە کە نزیکە لەوەی لە ئازارەکانی تێبگا. ئەوم خۆشدەوێ لەبەر ئەوەی هەوڵ دەدا لێی تێبگا و هاوبەشیی لە ئازارەکانی خوشکەکەیدا بکا.

ئەگەر دەتوانیت یەک رستەم پێ بڵێ کە باشترین گوزارشت بێ لە ''یۆنگ هێ''؟

هان کانگ: یۆنگ هێ'' وەک گێڕەرەوە دەنگی نییە، بەڵام لەڕێی گفتوگۆوە گوزارشت لەوە دەکا کە هەستی پێ دەکا، لەوەی بیر لە چی دەکاتەوە. بە خوشکەکەی دەڵێ ''بنواڕە، خوشکێ، من لەسەر دەستەکانم ڕاوەستاوم و قاچەکانم بە حەواوەن؛ گەڵاکان لەسەر جەستەم دەڕوێن، ڕەگەکان لە دەستەکانمەوە گوڵ دەگرن... بە ناخی زەویدا ڕۆ دەچن...'' باسی ئەوە دەکات چۆن جەستەی دەگۆڕدرێ بۆ ڕووەک، بۆیە بۆ ئەو ئەوە شتێکی زۆر گرنگە بۆ گوتن.

بۆچوونی تایبەتیی خۆت چییە لەسەر ڕووەکخۆری؟

هان کانگ: لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنمدا چەند ساڵێک ڕووەکی بووم. هەر بۆیە هەمان ترس کە ''یۆنگ هێ'' هەستی پێ دەکا، منیش هەستم پێ کردووە. وەک بڵێی هەمووان هەوڵیان دەدا گۆشتم دەرخوارد بدەن. پاش ئەو ساڵانە لەبەر هۆکاری تەندروستی دەستم کردەوە بە گۆشتخواردن، بەڵام بەکەمی. ئەگەرچی هێشتاش حەزم لە گۆشت نییە، هەمیشە هەست بە گوناهـ دەکەم لە خواردنیدا. خەڵکانێک دەناسم گۆشتخۆرن بەڵام کێ گوێ بەو هەقیقەتە دەدا کە ئێمە ژیانی ئەوانی تر بۆ پارێزگاریی لە ژیانی خۆمان لەناو دەبەین.

وەک نووسەر بەبەردەوامی بیر لە چی دەکەیتەوە؟

هان کانگ: پرسیاری جەوهەری و بنچینەیی من ئەمەیە؛ مرۆڤبوون یانی چی؟ بەئاشکرا ئەوە پرسیارێکی بەردەوامە کە لە هەر ڕۆمانێکدا دەگۆڕدرێ. جا لە ڕۆمانی ''ڕووەکی''ـدا پرسیاری ئەوەم کردووە کە مرۆڤ چییە؟ دەکرێ مرۆڤ بێگوناهـ بێ؟ ئایا دەتوانین بەتەواوەتی توندوتیژی ڕەت بکەینەوە؟ هەروەها لە ''ئێستا بڕۆ'' و ''با فیکە دەکێشێ''ـدا، دەپرسم، ئاخۆ دەشێ ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان جوانی و توندوتیژی لەم جیهانەدا پێکەوە گرێ بدەین؟ ئاخۆ ژیان شایستەیە تیایدا بژین؟ لە دوای ئەوە لە ڕۆمانی ''وانەکانی گریک''ـدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر بەرگەی ئەم ژیانە بگرین، بە چ شێوەیەک دەتوانین بەرگەی بگرین؟ هەروەتر لە ڕۆمانی ''وا کوڕیژگەکە دێ''ـدا پرسیارەکە ئەوەیە؛ مرۆڤبوون یانی چی؟ بۆیە هەمیشە پرسیارەکە لە گۆڕاندایە. بەڵام پرسیاری جەوهەری لە بنەوەی هەموو شتەکاندا ئەمەیە؛ مرۆڤبوون یانی چی؟
_________
هانگ کانگ

لە 27 تشرینی دووەمی 1970 لە گوانگجو لە کۆریای باشوور لە دایکبووە
رۆمانووسە
ئەدەبی کۆری لە زانکۆی یۆنسێی تەواوکردووە
زیاتر چیرۆکی خەیاڵی دەنووسێت
کەسێکی رووەکخۆرە
خەڵاتی مان بووکەری نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2016 بردووەتەوە
خەڵاتی یی سانگی ئەدەبی بۆ ساڵی 2015 بردووەتەوە .
تێبینی: ئەمە گفتوگۆیەکی تەلەڤزیۆنییە و لە 19ی مەی 2016 ئەنجام دراوە.

سەرچاوە: koreanliteraturenow