10 کورتە شیعر
1
ئاسمان ...
هیچ لە جارانی خۆی ناچێ !
رەش رەش، داگیرساوە و
هیچ نادرکێنێ .
2
زەوی ...
دەیەوێ ببێتە ئەندامی گەردوونێکی تر
کابووسی "جەنگێک" هەراسانی کردووە .
3
ئەستێرەکان ...
رقیان لەم زەمینە دەبێتەوە
شەڕانگێزە، شەڕانگێز .
4
مرۆڤ،
لەم قومارخانەیەدا ...
میهرەبانی دۆڕاند و
عەشقی خستە مەزادەوە .
5
باخچەکان ...
وا خۆیان دەبینن،
کە جگە لە چەند دوومەڵێک
هیچی تر نین، بەسەر ئەم زەمینەوە.
6
خودا،
لەم بازنە " هیچە" بێزارە !
پێدەچێ ئەوەندەی نەمابێ
گسکێک لەم تەپۆڵکەیە بدات .
7
ئاژەڵەکان ...
هەست بەوە دەکەن دەتۆپن !
گشتیان رەنگی سەفەریان لێ نیشتووە.
8
درەختەکان،
یان بڵێین قژی زەمین ،
پەیتا پەیتا دەوەرێ !
ئەم هەسارەیە، واخەریکە کەچەڵ دەبێ .
9
بەپێی ئەم هەستەی ژێرپێم بێ،
گڵۆپەکان سوور دەبن ،
مرۆڤەکان یەکتر تەواو دەکەن و
دڵی جوگرافیاکان دەشکێنن !
10
زەمین...
تۆڵەی ئەم هەموو تەپە تەپەمان لێ دەستێنێ !
هێندەی نەماوە تێمان کەوێ !
گیرفانەکانتان بەتاڵ کەن
جەنگ روودەدا، جەنگ .