توورەج ئەسلانی: فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک لە ئاستێکی بەرزدایە


رووداو- هەولێر
توورەج ئەسلانی، سینەماکاری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە خولی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک ئامادەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وێنەگری فیلمی رەشەبا بووە، کە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.


توورەج ئەسلانی لە چاوپێکەوتنێکی تۆڕی میدیایی رووداودا باس لە ئاستی فێستیڤاڵی دهۆک دەکات و دەڵێت" راستە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک چوار خولی سازکردووە، بەڵام من وایدەبینم زیاتر لە 20 ساڵە ئەنجامدەدرێت، لەبەر ئەوەی زۆر بە جوانی و بە ئاستێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەم وکوڕییەکی زۆر کەمی هەیە، کە دەکرێت لە خولەکانی دیکەدا چارەسەر بکرێت".

دەربارەی رەوشی سینەماکاران و سینەما لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەسلانی گوتی "سینەما لە ئێران بۆ هەموو نەتەوەو پێکهاتەکانی ئێران هەیە، هەڵبەتە سینەماکارانی کوردیش لە رۆژهەڵات وەک سینەماکارەکانی دیکەی ئێران خەریکی ئیش و کاری هونەرین، خۆشبەختانە سینەماکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەکتەر، دەرهێنەر، کامێرامان ودەنگهەڵگر، رۆڵێکی زۆر باشیان لە سینەمادا هەیە".

لەبارەی تەکنیکی سینەماو فیلمی کوردی ئەسلانی بۆچوونێکی جیاوازی هەیەو دەڵێت " ئەگەر باس لە هەرچوار پارچەی کوردستان بکەین، لەهەندێ ناوچە گیروگرفتی تەکنیکی بەرچاو دەکەوێت، دەتوانین سوود لە خەڵکی پسپۆڕو شارەزا وەربگرین، بۆ ئەوەی تەکنیکارێكی باشی کورد پەروەردە بکەین".