"دواهەمین هەناری دونیا"ی بەختیار عەلی بە كرمانجی

رووداو - هەولێر

رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا كە یەكێكە لە رۆمانە هەرە بەناوبانگەكانی رۆماننووسی كورد بەختیار عەلی، بە شێوەزاری كرمانجی و تیپی لاتینی لە ئیستەنبوڵ لەلایەن چاپخانەی ئاڤێستا چاپ و بڵاوكرایەوە.

بەسام مستەفا كە رۆمانەكەی بەختیاری لە شێوەزاری سۆرانییەوە كردووەتە كرمانجی، بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا كە لە 352 لاپەڕە پێكهاتووە، ماوەیەك لەمەوبەر لە شێوەزاری سۆرانییەوە كردم بە كرمانجی".

بەسام مستەفا پێش ئەو رۆمانە، سێ‌ رۆمانی دیكەی بەختیاری كردوون بە كرمانجی، ئەوانیش ئێوارەی پەروانە و جەمشید خانی مامم  و كۆشكی باڵندە غەمگینەكانە كە یەكەم و دووەمیان بۆ جاری دووەم چاپكراونەتەوە.

بەسام مستەفا دەڵێت كە لە بەرنامەیدایە سەرجەم بەرهەمەكانی بەختیار عەلی بكاتە كرمانجی، چونكە بە گوتەی خۆی لەنێو ئەو خوێنەرانەی بە كرمانجی دەنووسن و دەئاخڤن، پێشوازییەكی گەرم لە بەرهەمەكانی بەختیار عەلی دەكرێ‌ و شوێنی خۆیان لە نێو لیستی ئەو كتێبانەدا گرتووە كە بە كرمانجی نووسراون و پڕفرۆشترینن.

بەختیار عەلی لەبارەی رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا لە هەڤپەیڤینێكی رۆژنامەڤانیدا گوتبووی "ئەگەر بمرم و بهێڵن كتێبێك لەگەڵ خۆم ببمە ئەو دونیا، ئەوە بێگومان لە نێو هەموو بەرهەمەكانمدا دواهەمین هەناری دونیا لەگەڵ خۆم دەبەم".

ئەم رۆمانە كە پێشتر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، ماوەیەك لەمەوبەر وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئەڵمانیش. وا بڕیارە وەرگێڕی كورد عەبدوڵڵا شێخۆ كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، هەمان رۆمان بكاتە عەرەبی.