"مارتینی بەختەوەر"ـی جان دۆست دەكرێتە سۆرانی
رووداو- هەولێر
"مارتینی بەختەوەر" كە رۆمانێكە لە نووسینی جان دۆست و بە زمانی عەرەبی و كوردی – شێوەزاری كرمانجی- چاپ و بڵاوكراوەتەوە، بڕیارە بە سۆرانیش چاپ و بڵاوبكرێتەوە.
سەباح ئیسماعیل، وەرگێڕی كورد بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "رۆمانەكەم لە عەرەبییەوە وەرگێڕاوە، لەگەڵ كرمانجییەكەدا بەراوردم كرد، سەرم سوڕما كە هێندە جیاوازن! ئەمەش بەهۆی سانسۆری دەزگا عەرەبییەكانەوەیە كە بەو دەردە چووە".
گوتیشی: "ناچار بووم لە هەر شوێنێك لێی قرتێنراوە، بگەڕێمەوە سەر دەقە كرمانجییەكە".
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەم رۆمانەی جان دۆست، چاپی سێیەمی رۆمانی "میرنامە"ی ئەو رۆماننووسە كە لە وەرگێڕانی هەمان وەرگێڕە، بۆ جاری سێیەم چاپ و بڵاوكرایەوە.
جان دۆست، لە پێشەكی رۆمانەكەدا نووسیویەتی "من لەم رۆمانەدا لە هێڵی گشتیی دەرچوومە كە لە رۆمانەكانی پێشوودا لەسەری رۆیشتووم. ئیدی كاراكتەری سەرەكیی كورد نییە و مێژووی كوردم نەكردووە بە باكگراوندی رۆمانەكەم. هەروەها پشتم بەو رووداوانە نەبەستووە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا روودەدەن".
جان دۆست، ساڵی 1965 لە كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، قوتابی بەشی بایۆلۆژی بووە لە زانكۆی حەلەب، بەڵام لە قۆناغی سێیەمدا جێیهێشتووە و لە ساڵی 2000ـەوە لە ئەڵمانیا دەژیت.
جان دۆست، بە شیعر دەستیپێكرد و یەكەمین دیوانی "قەڵای دمدم" ساڵی 1991 لە ئەڵمانیا و پاشان لە هەمان ساڵدا لە ئیستەنبوڵ بڵاوكردەوە. تاوەكوو ئێستا چوار رۆمانی بە كرمانجی نووسیون: مژاباد 2004، سێ هەنگاڤ و سێدارە 2007، میرنامە 2009 و مارتینی بەختەوەر 2012.