مێژووی شیرەکەی مووسا
زۆر بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان هەوڵی توێژینەوە لە پێوەندیی نێوان مرۆڤ و مێژوو دەدەن. بۆ نموونە مێژوو، ئەنترۆپۆلۆجیا و کۆمەڵناسی، ئەمانە لە هەوڵدان پێوەندیی نێوان مرۆڤ لەلایەک و سیستەم و پێکهاتەی مێژوویی و ڕۆشنبیری لەلایەکی دیکەوە ڕاڤە بکەن. ڕۆمانیش وەکو ژانرێکی ئەدەبی کە گێڕانەوە تایبەتمەندیی سەرەکییەتی، دەتوانێ ئەو ڕۆڵە ببینێت. ڕۆمانیش دەتوانێ پێوەندیی نێوان مرۆڤ و مێژوو دەربخات. من لەم توێژینەوەیەدا دەمەوێ چۆنیەتی مامەڵەکردنی رۆماننووس (سابیر رەشید) لەگەڵ مێژوو لە رۆمانی (شیری مووسا)دا دەربخەم. ئایا بۆ گێڕانەوەی مێژووی جووەکانی هەولێر، چۆن سوودی لە مێژوو وەرگرتووە؟ ئایا توانیویەتی ڕۆمانێکی مێژوویی بنووسێت؟
سەرلەهەوەڵ دەبێ بزانین ڕۆمانی مێژوویی چییە؟ ڕۆمانی مێژوویی وەکو جۆرێک لە ڕۆمان بونیادێکی مێژوویی هەیە. واتە هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ هێنانەگۆڕێی کەسایەتی و ڕووداوی مێژوویی، بەڵام لە چوارچێوەی ڕۆماندا. هەرچەندە دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە "رۆماننووس ناتوانێت لە ئافراندنەوەی مێژوودا سەرکەوتوو بێت ئەگەر خودی واقیعە مێژووییەکە بەباشی نەزانێت". (ئەحمەدزادە، 2012، ل 307) ، بەمەیش رۆماننووس دەبێت ئەو قۆناغە مێژووییەی دەیەوێ بە رۆمان بیگێڕێتەوە، تەواو شارەزای بێت، ئەگەر خۆیشی تێیدا نەژیابوو، دەبێ بە دەیان کتێب و سەرچاوەی لەبارەوە خوێندبێتەوە. ئەمە واتای ئەوە نییە، رۆماننووس مێژوومان وەکو خۆی بۆ بنووسێتەوە، نەخێر، چونکە بابەتی مێژوو واقیعە، بەڵام واقیعی ڕۆمان لە بنەڕەتدا خەیاڵە. کەواتە ڕۆمانی مێژوویی بەریەککەوتنی واقیعە لەڕێی خەیاڵەوە. بە بڕوای (جیرار جینێت) هەردوو رەگەزی (واقیع/ خەیاڵ) بونیادی هەموو مێژوو و رۆمانێکن، چونکە هەریەکەیان دەیەوێ گوزارشت لە رووداو و مرۆڤ بکات. کەواتە ڕۆمانی مێژوویی دیسان هێنانەگۆڕێی مێژووە، بەڵام وەکو کتێبێکی مێژوویی نا. بە بڕوای (جۆرج لۆکاش) رۆمانی مێژوویی "رۆمانێکی مێژوویی حەقیقیە، واتە رۆمانێکە لە ئێستا دەدوێ، لە ئێستادا دەژی، بەوەی رابردوویان مێژوویەک بووە بۆ خود". [لوکاش، 1978، ێ89].
رۆمانی (شیری مووسا) دەیەوێ مێژووی جوومان لە شاری هەولێر بۆ بگێڕێتەوە. ئەم رۆمانە هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی، یان گێڕانەوەی مێژووی خەڵکانێک کە سەردەمانێک چینێکی کاریگەر و دانەبڕاوی شاری هەولێر بوونە. لێرەدا دەبێ بپرسم ڕۆماننووس تا چەند توانیویەتی ڕۆمانێکی مێژووییمان پێشکەش بکات؟ ئەو تەکنیکانە چین کە لەم ڕۆمانەدا بەکارهاتوون؟ ئایا لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا هەست دەکەین ڕۆمان دەخوێنینەوە، یان دەقێکی مێژوویی؟ من نامەوێ ڕووداو و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بگێڕمەوە، ئەوە کاری ڕەخنەگر نییە. کۆمەڵێ تەکنیک و لایەنی هونەری لەم ڕۆمانەدا هەن، جێی سەرنجن. یەکێک لە تەکنیکەکان ئەوەیە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا هەست دەکات، هەم ڕۆمان دەخوێنێتەوە، هەمیش توێژینەوەیەک لەبارەی ڕۆمانەوە. سەرەتای ڕۆمانەکە ناونیشانی (یەکترناسین)ی هەیە. ڕاستە لەوێ باسی یەکترناسینی (عەبدوڵڵا سەڕاج)ی ڕۆماننووس و (بێستوون)ی هاوڕێی لەگەڵ (ئیسحاق)ی کارەکتەر و وەگێڕ دەکات، بەڵام لەودیو ڕستەکانەوە ئەمە هەوڵێکە بۆ یەکترناسینی خوێنەر لەگەڵ کۆی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە. "ئەو شەوەی من –عەبدوڵڵا سەڕاج-ی ڕۆماننووس، واتە نووسەری ئەم ڕۆمانە و بێستوون.. پێکەوە لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن بۆ کات بەسەربردن سەرمان بە یانەیەکی شەوانەدا کرد، ناوی یانەکە هەستی بەرزەفڕ بوو.)) [ڕەشید، 2017، ل 5] ئەمە یەکترناسینی نێوان خوێنەر و کارەکتەرەکانە، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.
چەند دیمەنێک هەن وەگێڕ لە ڕۆمانەکەدا چەند جارێک پاتەیان دەکاتەوە. ئەم ڕووداو و دیمەنانە بەردەوام بۆ بەبیرهێنانەوەی خوێنەرە. بۆ نموونە ئەو ڕستەیەی لەناو کوردەواریدا باوە، کاتێک کەسێک بە کەسێکی دیکە دەڵێت: دەڵێی جوولەکەی. مەبەستی ئەوەیە هێندە ترسنۆکیت وەکو جوولەکەکانیت. خوێنەر لەناو ڕۆمانەکەدا چەندین جار بەر ئەم ڕستەیە دەکەوێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی عەقڵیەتی تاکی کورد بەرانبەر ئایین و نەتەوەیەکی دیکە لەو سەردەمەدا. ئەم تەکنیکە (جیرار جینێت) لە کتێبی (گوتاری چیرۆک)دا بە وردی کاری لەسەر دەکات. ئەم ڕستانە کە لە فۆرم و شێوەی جوایەز لە ڕۆمان، یان چیرۆکدا پاتە دەبنەوە، گرینگی و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. هاوکات ئەو ڕستەیەی (ئیسحاق) دەڵێت: "کورد هەمیشە دەڵێن: جووەکان بە دوای شیری مووسادا دەگەڕێن، بەڵام لەڕاستیدا عەساکەی مووسایە، چونکە کاتی خۆی مووسا شیری نەبووە، بەڵکو عەسای هەبووە". ئەمە یەکێکە لەو تەکنیکانەی لەم ڕۆمانەدا زۆر هونەریانە کاری لەبارەوە کراوە. ئەم ڕستە پاتەبووانە شادەماری ڕۆمانەکە پێکدەهێنن، چونکە لە بنەڕەتدا جووەکان بۆیە هیچ هەڵوێستیان بەرانبەر ئەو ستەمانەی لێیان کراوە نەبووە، ئامانجیان خۆپاراستن و پاراستنی ئایینەکەیان بووە. هاوکات گەڕان بە دوای شیری مووسا، یان عەسای مووسا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی فریادڕەسێکی وەکو حەزرەتی مووسا تاکو لە دەست فیرعەونەکانی زەمانە ڕزگاریان بکات.
یەکێکی دیکە لەو تەکنیکانە ئەوەیە، وەکو ئاماژەم بۆ کرد، خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا هەست دەکات هاوکات توێژینەوەیەک لەبارەی ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە. بەتایبەتی بۆ ناسینی وەگێڕەکانی ڕۆمانەکە. هەر بەشێک بۆ چەند پارێک دابەش کراوە، لە سەرەتای هەر پارێک ڕۆماننووس پێمان دەڵێت: لێرەدا وەگێڕ کێیە. بۆ نموونە لە بەشی یەکەمدا دوای یەکترناسین، ڕۆماننووس دەنووسێت: گێڕانەوە لە گۆشەنیگای ئیسحاقدا، یان فلاش باکەکانی ئیسحاق. ئەمە لە فۆرمی توێژینەوەدا خۆی دەردەخات، چونکە خوێنەر لێرەدا ماندوو نابێت، یەکسەر دەزانێت وەگێڕی ڕووداوەکانی ئەم بەشە کێیە. ئەم گەمەکردنە لەگەڵ خوێنەر هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی خوێنەر بۆ ناو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە. بەردەوام گێڕانەوەکە ئەودەست و ئەودەست دەکات. هاوکات رۆمانەکە بەرەو ڕۆمانێکی فرەدەنگ دەبات. کەواتە فرەوەگێڕیمان دەبێت. بۆ گێڕانەوە پشت بە یەک کەس نابەسترێت. لە زۆر شوێن وەگێڕی هەمووشتزان دێتە ناوەوە، پاشان کارەکتەر ڕەوتی گێڕانەوە لەدەست دەگرێت. تەنانەت بۆ بەشی سێیەم هێندێ زانیاری لەبارەی جووەکان لە عێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی لە سەرچاوە و کتێبە مێژوویی و یادەوەرییەکانەوە وەرگیراوە، ڕۆماننووس ئاماژەی بۆ کردوون و لە کۆتایی بەشەکەدا ناوی سەرچاوەکانی نووسیون. من ئەوە بە جۆرێک لە تەکنیک دادەنێم، بەڵام هاوکات دەبێتە ئاریشەیەک بۆ ڕۆمانەکە. بەگشتی کاتێک ڕۆماننووسێک دەیەوێت سوود لە کەرەسەی مێژوو بۆ نووسینی ڕۆمان وەرگرێت، دەبێت ئەو کەرەسانە لە قاڵبی مێژوو بباتە دەرەوە. دەمەوی بڵێم فەزای دەقی ڕۆمان لە فەزای دەقی مێژوویی جودایە. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ئاریشەیە، بێ هێزیی هونەری خەیاڵ و گێڕانەوەیە. واقیعە مێژوووییەکە بۆ ڕۆمانەکە زۆر باشن، بەڵام گێڕانەوەکە هێند واقیعیانەیە، کەمتر هەست بە فەزای ڕۆمان دەکەین. هەرچەندە لە شۆڕبوونەوە بەناو دەروونی کارەکتەرەکاندا، بەتایبەتی (ئیسحاق)ی وەگێڕ و کارەکتەر زۆر هونەریانە کاری لەبارەوە کراوە. دەمەوێ بڵێم گێڕانەوەی ڕۆمانەکە هێشتا سێبەری گێڕانەوەی ڕۆمانی ساڵی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردووی بەسەردا زاڵە. ڕاستە ئەمەی دەیگێڕێتەوە مێژووە، بەڵام تەنێ وەکو کەرەسە مێژووە، لە فۆرمدا ڕۆمانە. هەر ئەمەیشە ئاریشەی بۆ فرەیی کارەکتەرەکان دروست کردووە. ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی فرەدەنگە، کەواتە کارەکتەرەکان لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان ئازادن و ڕێیان پێ دەدرێت بە ئازادانە چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە. ئەوەی فەزای ڕۆمانی لەم ڕۆمانەدا کاڵ کردووەتەوە، نەبوونی تایبەتمەندی کارەکتەرەکانە چ لە ئاخاوتن، چ لە ژیانی ڕۆژانەیان. هەموو کارەکتەرەکان یەک فۆرم ئاخاوتنیان هەیە. من هیچ جوایەزییەکم لەنێوان ئاخاوتنی (مام موشێ) و (حاجی مەلا ساڵح)دا نەکرد. هەردووکیان بە یەک شێوە دەپەیڤن. نەبوونی تایبەتمەندیی ئاخاوتن و شێوەی ژیان وا دەکات فەزای ڕۆمان لەم دەقەدا کاڵتر بکاتەوە. زۆر ئێستاتیکیتر دەبوو (مام موشێ) وەکو جوویەک لە ئاخاوتنیدا تایبەتمەندیی ئاخاوتنی جووەکانی هەبا. چۆن ئێستا ئەگەر لەم ڕۆمانەدا کارەکتەرێکی تورکمانی هەولێرمان هەبووایە، نەدەکرا تورکمانەکە کاتێک بە کوردی دەپەیڤێ وەکو کوردێکی هەولێر قسە بکات. ئەمەی دەیڵێم تایبەتمەندی ڕۆمانی فرەدەنگە، بۆیەش دەبووایە ئەم ڕۆمانە هەر کارەکتەرە و تایبەتمەندی ئاخاوتن و شێوازی ژیانی دیار بووایە.
لە زۆر شوێن و دەقدا زۆر جار بەر هەڵەی گێڕانەوە دەکەوم. مەبەست لە هەڵەی گێڕانەوە ئەوەیە دیمەنێک نیشان بدەیت، لەگەڵ ئەو کات و لەگەڵ لۆژیک نەگونجێت. ئەمەم تەنێ لە هێندێ دەقی ڕۆمانی کوردی نا، بەڵکو لە دەقی ڕۆمانی جیهانیشدا دۆزیوەتەوە. بۆ نموونە لە ڕۆمانی (بەفر)ی (ئۆرهان پامۆک)دا باسی دیمەنی دانیشتنی (کا)ی کارەکتەر و خۆشەویستەکەی لە چایخانەیەک دەکات. سەیری تەلەفزیۆنێک دەکەن، لەوێدا دەڵێت: تەلەفزیۆنێکی ڕەش و سپییە. چەند لاپەڕەیەک دواتر باسی ڕەنگی جلی ئەو کەسانە دەکات کە لەناو تەلەفزیۆنەکەدا نیشان دەدرێن. باشە، ئەگەر تەلەفزیۆن ڕەش و سپی بێت، چۆن ڕەنگ نیشان دەدرێت؟! لە ڕۆمانی (شیری مووسا)شدا دوو هەڵەی گێڕانەوە هەن: "ئیتر پیاوانی ئاغا دەمانچەکەی دەستی دەسڕنەوە و دەیخەنە ناو دەستی یونە و ئەوناوە جێدەهێڵن و بە نێردراوێکدا لە ڕووداوێکی ناو باخچە پۆلیس دەگەیەنن. پۆلیسیش دێ وێنەی ڕووداوەکە دەگرێ و دەمانچەکە دەخەنە ناو نایلۆنێکەوە و هەردوو جەستەکە دەگوازنەوە نەخۆشخانە". [رەشید، 2017، ل21] ئەوەی تێبینی دەکرێت، وێنەگرتنی پۆلیسە لە ڕووداوەکە. بڕوا ناکەم لە ساڵی سی و چلی سەدەی ڕابردوودا لە قەزایەکی وەکو شەقڵاوە (نازانم ئەوکات قەزا بووە یان نا) پۆلیس هێندە پێشکەوتوو بووبێت، وێنەی ڕووداوەکانی گرتبێت! ڕەنگە هەر کامێرایش ئەوکات بەو شێوەیە پێشکەوتوو نەبووبێت ئاوا هەڵبگیرێت. ئەمە قەناعەت لە کن خوێنەر دروست ناکات. رەنگە کەسێک بپرسێت: جا ئەوە ڕۆمانە، نەک کتێبێکی مێژوویی. ئەمە ڕاستە بەڵام ڕووداو و کات و سەردەم پێوەندییان بە یەکەوە هەیە. "ئێستاکەش کە تەماشای ئەم ئاسمانە شین و جوانە پڕ لە ئەستێرانە دەکەم هەر بە دوایدا وێڵم". [ڕەشید، 2017، ل130 ] ئەمەیش دیمەنی نووستنی (ئیسحاق)ە لەسەر کۆنە خانووی خۆیان، وەسفی ئاسمانمان لە شەودا بۆ دەکات، بەڵام هەرگیز لە شەودا ئاسمان شین نییە، بەڵکو ڕەشە و پڕ لە ئەستێرەیە. تەنێ ئەو کاتانە ئاسمان شینە کە ڕۆژ بێت و ئاسمان هەور داینەپۆشیبێت. ئەم هەڵانە کە بە هەڵەی گێڕانەوەیان دادەنێم، کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەوەی قەناعەت بە خوێنەر بکەن.
سەرچاوەکان:
١. ئەحمەدزادە (د.هاشم)، 2002، زمان و ئەدەب و ناسنامە، دەزگای ئاراس، هەولێر.
٢. رەشید (سابیر)، 2017، شیری مووسا، رۆمان، بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر.
٣. لوکاتش (جورج)، 1978 "الروایە التاریخیە"، ترجمە: د.سالح جواد کازم، منشورات وزارە الپقافە والفنون، العراق.