نامەیەکی غەسان کەنەفانی بۆ غادە سەمان: وەکو فەڵەستین هەستت پێدەکەم
لە عەرەبییەوە: نیگا
چیرۆکی خۆشەویستیی غەسان و غادە
غەسان کەنەفانی شۆڕشگێڕ و نووسەری فەڵەستینی و غادە سەمانیش شاعیر و نووسەری سووری، لە ساڵانی شەستەکاندا دەکەونە پەیوەندییەکی خۆشەویستییەوە، پاش ئەوەی غەسان بەڕێکەوت لە یەکێک لە زانکۆکانی دیمەشق غادە دەبینێ و یەکدی دەناسن. دواییش لە ئاهەنگێکدا لە قاهیرە سەرەتای عاشقبوونیان دەستپێدەکات.
غەسان لە نامەکانیدا جوانترین هەستی عاشقانەی بۆ غادە دەربڕیوە. ئەم چیرۆکە وەک هەموو چیرۆکێکی خۆشەویستیی دیکە ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدا بوو، وەک ئەوەی غەسان مەسیحی بوو غادەش موسوڵمان. غەسان هێندە بە کێشەی فەڵەستینەوە گرێدرابوو کە هەوڵی کوشتنی دەدرا و چیرۆکی خۆشەویستییەکەش بە کوشتنی غەسان لە ساڵی 1972 کۆتاییهات، بەڵام ئەوەی پاش بیست ساڵ ئەم چیرۆکەی زیندوو کردەوە، غادە سەمان بوو کە کتێبێکی لە ساڵی 1992 بە ناوی" نامەکانی غەسان بۆ غادە" بڵاوکردەوە، ئەگەرچی غادە دەڵێت: "زۆربەی نامەکان فەوتاون بەهۆی سووتاندنی ماڵەکەمان لە شەڕی ناوخۆی لوبنان".
نامەکانی غادە بۆ غەسان بۆچی بڵاونەکرانەوە؟
غادە سەمان دەڵێ: لە دوای شەهیدبوونی غەسان، زۆر گەڕاوم بۆ نامەکانی خۆم و داواشم کرد گەر لای هەر کەسێک هەیە بۆمی بنێرێتەوە، بەڵام کەس وەڵامی نەبوو، بەردەوام بۆ نامەکانم گەڕاوم و دەستم نەکەوتوون. من نامەی تایبەتم بۆ غەسان نووسیون، بەڵام هەموویان لەناوچوون. نامەکانی من بۆ غەسان، نامەی تایبەتی ئەدەبی بوون.
غادە لە نامەیەکدا دەڵێ: غەسان شۆڕشگێڕ و خاوەن بیروباوەڕی نەتەوایەتی و خەباتکارێک بوو لەپێناوی خاکی فەلەستیندا، ئەو مەرگی جوانی پیاوێکی عاشقمان نیشان دەدات، پیاوێکی دەگمەن لەم رۆژهەڵاتەدا، ئەو نامانەی کە زۆر لە ژنان ئاواتەخوازن غەسان بۆیان بنووسێ.
هەروەها دەڵێ: نامەوێ خیانەت لە خۆم و راستییەکان بکەم. لەبەر ئەو بەڵێنەی لە نێوان من و غەساندا هەبوو، ویستم ئەم نامانە لە موڵکی تایبەتەوە بکەمە موڵکی گشتی و وێنەیەکی ناخی گیانفیداکاریی غەسان ببینن.
نامەکان یان پوختەی هەستی غەسان بۆ غادە لەم چەند نامانەیەدا دەردەکەوێت و ئێوەش لەگەڵ من بیخوێننەوە :
نامەیەکی غەسان بۆ غادە سەمان:
غادە گیان، دەزانم زۆر کەس بۆت دەنووسن و دەشزانم وشە نووسراوەکان راستیی شتەکان دەشارنەوە، کاتێک من ئەم کاغەزەم گرت بەدەستمەوە بۆتی بنووسم، تەنها شتێکم دەزانی و لە شتێک دڵنیا بووم، شتێک کە دەتوانم بیڵێم ئەویش ئەوەیە کە "خۆشمدەوێی". غادە ئەوە بزانە چیرۆکی ئێمە نانووسرێتەوە. رقم لەخۆم دەبێتەوە گەر رۆژێک بیر لە نووسینەوەی بکەمەوە ، من هیچم ناوێت لە تۆ، هێندەی ئەوەی نامەوێ لەدەستت بدەم.
ئازیزم غادە .. لە ژیانمدا کەسم نەناسیوە وەکو تۆ بێت و لە کەسیش نزیک نەبوومەتەوە وەک نزیکبوونەوەم لە تۆ، بۆیە لەبیرت ناکەم و تۆ شتێکی دەگمەنی لە ژیانمدا، لەگەڵ تۆ دەستمپێکرد و وادیارە لەگەڵ تۆش کۆتاییم دێت. غادە ئەی ژیانم ، من شەو و رۆژ بیرت لێدەکەمەوە و دەمەوێ هەموو ساتێک بۆت بنووسم، شەو و رۆژ... چاوەڕێتم و بیرت دەکەم، خۆشمدەوێیت.
ئازیزم غادە .. لە دووری من چی دەکەیت ؟ بە چرپە ئەو قسەیەی رۆژێک بۆت نووسیم و گوتت : قژم بە تەڕی دەهێڵمەوە تا لەسەر لێوت وشکی دەکەمەوە . من لەو رۆژەوە لە چاوەڕوانیتدا دەتووێمەوە، چی روویداوە بۆ هەموو کەس دەنووسیت بۆ من نەبێت؟ دیارنەبوونت لە سینەمدا بە جۆرێک گەورە دەبێ چارەکردنی گرانە، ئەگەر تۆ وا دەزانیت کە حەرامیت بە دەستم، ئایا پیتەکانیشت بە چاوەکانم حەرامن؟
غادە، ئەی ئەو ژنەی کە نووسەر و شاعیر و زیرەکیت وای لێکردوویت هەزار ژن بیت ! بۆم بنووسە و چاوەڕێم، هەر چاوەڕوانیش دەبم. لەم ساتەدا بۆم بنووسە لەگەڵت دەمێنمەوە هەر پێکەوە دەبین، من تۆم خۆشدەوێ و لەژیانمدا بۆ هیچ کەس وا نەبووم. نازانم چیت بۆ بنووسم، ئاخر تۆ لە پێستمدایت و هەستت پێدەکەم وەک چۆن هەست بە فەلەستین دەکەم! نازانم چیم دەوێ، نازانم چی بنووسم؟ نازانم لە کوێ کۆتاییم دێ؟ لە ناخمدا دەمزانی من شایەنی تۆ نیم، نەک لەبەر ئەوەی ناتوانم هەردوو چاومت بدەمێ، بەڵکو توانای پارێزگاریکردنتم نییە تاسەر. من لە شتێک دڵنیام ئەویش نرخی تۆیە لەلام، تۆ لە هەموو جەستەمدایت، لەچاو و لێو و سەرمدایت، تۆ ئازار و خۆشیی منیت، تۆ هەموو شتێکی جوانیت کە مرۆڤ دەتوانێ یادی بکاتەوە و پێی بژی. من هەموو شتێکت پێدەڵێم، من بوونم نییە بێ تۆ، هەر ئەوە نییە تەنها خۆشمبوێیت، من بۆ تۆ دەژیم و دەمرم.