(دواهەمین هەناری دنیا)ی بەختیار عەلی بە کورمانجی

وه‌رگێڕ به‌سام مسته‌فا، بە کورمانجیکردنی رۆمانی (دواهەمین هەناری دنیا) ی نووسەر به‌ختیار عەلیی تەواو کردووە و بڕیارە مانگی داهاتوو ئەو رۆمانە لە چاپخانەی ئاڤێستا لە ئیستەنبوڵ چاپ و بڵاوبکرێتەوە.  

بەختیار عەلی لەبارەی بە کورمانجیکردنی رۆمانەکەی بە وەرگێڕ بەسام مستەفای راگەیاندووە، رۆمانی دواهەمین هەناری دنیا پێشتر بۆ زمانی ئەڵمانی وەرگێڕدراوە و تاوەکو ئێستا چوار جار چاپکراوەتەوە، بەڵام گواستنەوەی ئەو رۆمانە لە سۆرانییەوە بۆ لاتینی کورمانجی لەلای من لە وەرگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی گرنگترە، چونکە بە کورمانجیکردنی ئەو رۆمانە هەناسەیەکی گەرموگوڕی دیکەی ئەدەبی دەداتە شێوەزارەکان و دڵخۆشم بەوەی ئەو رۆمانە بە کورمانجی دەکرێت.  

بەسام مستەفا، کە رۆمانی دواهەمین هەناری دنیای بۆ  کورمانجی گواستووەتەوە، یەکێکە لە کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو و سەرەڕای کاری خۆی وەکو میدیاکار، تاوەکوو ئێستا 10 بەرهەمی ئەدەبی لە سۆرانییەوە بۆ کورمانجی گواستووەتەوە، لەوانەش بەرهەمی نووسەران: عەتا نەهایی، محەممەد موکری، فەرهاد پیرباڵ و شێرزاد حەسەن.

بەسام پێش ئەم دوایین کارەی، هەرسێ رۆمانی بەختیار عەلی: ئێوارەی پەروانە، جەمشیدخانی مامم و کۆشکی باڵندە غەمگینەکانی کردووەتە کورمانجی کە ئەو رۆمانانە بە کورمانجی لە باکووری کوردستان پێشوازییەکی زۆریان لێکراوە. 

بەسام مستەفا، لەبارەی بە كورمانجیكردنی ئەم رۆمانەی دوایی بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند "بە كورمانجیكردنی ئەو رۆمانە لە چوارچێوەی پرۆژەیەكی منە كە دەمەوێ‌ سەرجەم بەرهەمەكانی بەختیار عەلی لە شێوەزاری سۆرانییەوە بگوازمەوە سەر شێوەزاری كورمانجی، چونكە بە باوەڕی من بەختیار عەلی هیچی لە ئەدیبانی جیهان كەمتر نییە".

گوتیشی: "بەڕاستی حەیفە بەرهەمەكانی بەختیار عەلی تەنیا لە چوارچێوەی یەك شێوەزاری زمانی كوردی، قەتیس بمێنن".