ڕۆمانێکی دیکەی جان دۆست دەکرێتە کوردی

ئا: ئەدەب و کولتوور

وەرگێڕ سەباح ئیسماعیل سەرقاڵی وەرگێڕانی ڕۆمانی "دەستنووسی پێترسبۆرگ"ی نووسەری ڕۆژئاوای کوردستان جان دۆستە. ئەم کتێبە دەبێتە پێنجەم ڕۆمانی جان دۆست کە سەباح ئیسماعیل وەریدەگێڕێتە سەر زمانی کوردی.


نووسەر و شاعیر جان دۆست، ساڵی 1965 لە کۆبانێ لەدایک بووە. لە زانکۆی حەلەب بەشی بایۆلۆژی تەواو کردووە. لە ساڵی 2000ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی. جان دۆست بە شیعر دەستی بە کار کرد و یەکەمین دیوانی (قەڵای دمدم) ساڵی 1991 لە ئەڵمانیا و پاشان لە ھەمان ساڵدا لە ئیستەنبوڵ بڵاوکردەوە. تا ئێستا 10 ڕۆمانی نووسیوە و بەم ڕۆمانەوە شەشیان کراون بە کوردی.

سەباح ئیسماعیل وەرگێڕی ڕۆمانەکەی جان دۆست بە (ئەدەب و کولتووری ڕووداو)ی ڕاگەیاند، ئه‌م ڕۆمانه‌ باس له‌ چیرۆكی دوو كه‌س ده‌كات، یه‌كیان له‌ ئیمپراتۆریای ڕووسیا و ئه‌وی دیش له‌ ئیمپراتۆریای عوسمانی. ئه‌و دووه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌ له‌ شاری ئه‌رز‌ڕووم به‌ یه‌كتر ده‌گه‌ن.

كابرای عوسمانی پیاوێكی كوردی دینداره‌ و ناوی مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدییه‌، له‌ نێو خه‌ڵكدا له‌ ده‌ڤه‌ری ئه‌رز‌ڕووم وه‌كو پیاوێكی ئایینی و زانایه‌ك ناسراوه‌ و پێوه‌ندیی به‌رفرا‌وانی له‌گه‌ڵ چینی سه‌رده‌سته‌ی عوسمانی و هه‌ندێك له‌ میرانی كورد هه‌یه‌. هه‌رچی ئه‌وی دیكه‌یه‌، ئۆگوست ژابای كونسوڵی ڕووسیای قه‌یسه‌رییه‌ له‌ ئه‌رز‌ڕووم. ئۆگوست ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌ و به‌ نه‌ژاد پۆڵۆنییه‌. پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ مه‌لا مه‌حموود درووست ده‌كات و له‌ به‌رامبه‌ر كاركردنی له‌گه‌ڵی له‌ وه‌رگێڕانی كتێب و دانانیدا بۆ ئه‌كادیمیای ئیمپراتۆری له‌ پێترسبۆرگ، پاره‌یه‌كی باشی ده‌داتێ.

"ده‌ستنووسی هه‌ره‌ گرینگ مه‌لا مه‌حموود ده‌ینووسێت و نزیكه‌ی دوو ساڵ کات ده‌بات، باسی مێژووی له‌بیركراو ده‌كات. كونسوڵی ڕووسی ده‌ستنووسه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت و دوای ته‌واوبوونی كاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ ئیزمیری ده‌بات، تاكو بۆ ئەکا‌دیمیای ڕووسیی بنێرێت. له‌ به‌یه‌كداچوونی ڕووداوه‌كاندا ده‌ستنووسه‌كه‌ ون ده‌بێت. هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی بایه‌زیدی له‌ كتێبخانه‌ی گشتیی پێترسبۆرگ ده‌دۆزرێنه‌وه‌ ته‌نیا ئه‌و ده‌ستنووسه‌ نه‌بێت كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ به‌ ده‌ستنووسی پێترسبۆرگ ناوی ده‌بات".

وەک سەباح گوتی: "ئه‌م ڕۆمانه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی کە ده‌ستنووسه‌كه‌ چی لێهات؟ ڕۆمانه‌كه‌ باس له‌ ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری له‌ هه‌ردوو ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌ ده‌كات. هه‌موو ئه‌مانەش‌ به‌ زمانی دره‌خت و گوڵ و شار و ڕووبار ده‌گێڕدرێنه‌وە".
 سەباح ئیسماعیل لە ناسراوترین وەرگێڕە کوردەکانە و دەیان ڕۆمان و کتێبی فیکری و لێکۆڵینەوەی لە زمانی عەرەبییەوە کردوون بە کوردی.