کتێبێکی نوێ لەبارەی گۆرانی شاعیر

ئا: 
(لیریکی گۆران لە ڕوانگەی بونیادگەریی کراوەو تەواوکارانەوە) ناونیشانی کتێبێکی نوێی هەرێم عوسمانە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە بازاڕەوە.

نووسەر لەبارەی ئەم کتێبە بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی گوت: "ئەم کتێبە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم تەرخانکراوە بۆ چەمک‌ و زاراوەی لیریک‌ و ئاوێزانبوونی لەگەڵ ژانر و هونەرەکانی دیکە و بابەتی لیریک. بەشی دووەم پراکتیککردنی بەشی یەکەمە لەسەر دیوانی گۆران کە تێیدا لیریکی گۆرانمان لەسەر ئاستی قەبارە و ژانر و شێواز و بابەت شیکردووەتەوە، باسی چیرۆکە شیعر و ئۆپێرا و ئۆپەرێت‌ و ستانزاو جۆرەکانیمان کردووە. دواتریش بابەتەکانی لیریکی شاعیرمان باسکردووە. بەشی سێیەم کە رۆحی کارەکەی تێدا بەرجەستە بووە و زۆرترین قەبارەی کتێبەکەی داگیرکردووە، بۆ شیکردنەوەی شیعرەکانی گۆرانە بەپێی میتۆدی بونیادگەری و تەواوکارانەی یوری لۆتمان. لەم بەشەدا نۆ چەمکی زانای ناوبراومان هێناوە و لەپاڵ روونکردنەوە بۆ چەمکەکە، لەسەر شیعرەکانی شاعیر جێبەجێمان کردووە، ئەمەش زیندوێتی کارەکەی دەرخستووە کە تیۆر و پراکتیک هاوڕێگە بۆ ڕۆشنکردنەوەی شیعرەکان ئەنجامدراوە". 

گوتیشی کە لە کتێبەکەدا چەند چەمک‌ و بوارێکی گرنگ ئاوڕیان لێدراوەتەوە، لەوانە (سروشتی شیعر، لادان ‌و نامۆیی، پەیوەندیی تێکست‌ و سیستم، پارالێلیزم، ئاستی لێکسیکی شیعر، شیعر وەک یەکێتی..) هەریەک لەم بوار و چەمکانە توانیویانە بەباشی لەگەڵ رۆحی شیعرەکانی شاعیر بێنەوە و ڕۆشنی بکەنەوە. 

 ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەری هەرێم عوسمانە کە لە ساڵی 2017 پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زمان، بەشی کوردی کراوە. نامەکە بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر ئەنوەر قادر محەممەد نووسراوە، ئەم کتێبە 412 لاپەڕەیە و ناوەندی کولتووریی کۆچ چاپی دەکات.

ئەمە حەوتەمین کتێبی نووسەرە تا ئێستا بەچاپ گەیشتبێ.