تەقە لە كۆلارە مەكەن

ئا: ئەدەب و كولتوور 

فەریدە چیچەكئۆغڵوو، ژنە نووسەری توركیا، بە چیرۆكی راستەقینەی "منداڵێك لە زیندان" ناوبانگی دەركرد. چیچەكئۆغڵوو لە ساڵی 1951 لە ئەنقەرە لەدایكبووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، نامەی دكتۆراكەی لە زانكۆی پەنسیلڤانیای ئەمریكا نووسی .

چیچەك لە زانكۆی بیلگی لە ئیستەنبوڵ بووە مامۆستا. دوای كودەتاكەی 12ی ئەیلول دەستگیركرا و بۆ ماوەی 4 ساڵ زیندانیكرا. لە زیندان منداڵێكی ناسی كە ژیانی پڕبوو لە ئازار و ناخۆشی. دوای هاتنەدەرەوەی لە زیندان، چیرۆكی ئەو منداڵەی كردە رۆمانێك بەناوی " تەقە لە كۆلارە مەكەن". دوای ئەوەی ئەو كتێبە كرایە سیناریۆی فیلمێكی 100 خولەكی و بڵاوكرایەوە، ناوبانگێكی زۆری بەدەستهێنا.

هەرچەندە چیچەكئۆغڵوو پێشتر كتێبێكی دیكەی نوسیبوو، بەڵام "تەقە لە كۆلارە مەكەن" ناوبانگی زۆری بۆ فەریدە پەیداکرد. دواتریش سیناریۆی فیلمێكی نووسی بەناوی "رێگەی بەرەوهیوا" و لە ئۆسكاری 1989-1990دا خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی بەدەستهێنا.

چیچەكئۆغلوو هەر بەوەندەوە نەوەستا، بەڵکو كتێبی "ئێوە هەرگیز باوكتان مردووە؟"ی نووسی، كە خەڵاتی نێوەندی ئەدەبیاتی لیبۆن-ی پێبەخشرا. بەشێك لە كارەكانی دیكەی فەریدە چیچەكئۆغڵوو بریتین لە سیناریۆی دراما و فیلم، وەك: كچە زێڕینەكان، دوای جێپەنجەكان، ماڵی فریشتەكان، شارە زێڕینەكەی ئیستەنبوڵ، ئەوبەری ئاو، رێگەی بەرەو هیوا، تەقە لە كۆلارە مەكەن، ئەو شوێنەی كە بەهاری لێ تەواو دەبێت.

كتێبەكانی بریتین لە " ناڕەزایی شار، شاری تۆماركراو، پەیام لە وڵاتی سەدەمینەوە، ئەوبەری ئاو، ئێوە هیچ بوكتان مردووە؟" 

تەقە لە كۆلارە مەكەن، باسی زیندانی ژنانە لە چاوی منداڵێكی تەمەن ٥ ساڵانەوە لەگەڵ تێكەڵكردنی باسی خۆشەویستی. منداڵێكی تەمەن 5 ساڵان چ تاوانێكی هەیە وا خراوەتە چواردیوارەوە؟  ئەو منداڵی دایكێكە كە بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە خراوەتە زیندان.

فەریدە چیچەكئۆغڵوو، یەكێك لە نووسەر و سیناریستە بەنێوبانگەكانی توركیایە. كتێبی تەقە لە كۆلار مەكەن، لەلایەن كەیوان هەورامییەوە كراوەتە كوردی و ئێستا لە كتێبفرۆشییەكاندا دەستدەكەوێت.