کتێبی ''مێژووی عەشیرەتی هەرکی'' بڵاوکرایەوە
رووداو - هەولێر
لە مەڕاسیمێکدا کتێبی ''مێژووی عەشیرەتی هەرکی'' بڵاوکرایەوە، کتێبەکە لەلایەن نەجات ئەکرەم هەرکییەوە نوسراوە.
نەجات ئەکرەم هەرکی، نووسەری کتێبەکە بە رووداوی راگەیاند "مەبەست لە نووسینی ئەو کتێبە ئەوەیە کە رۆڵەکانی عەشیرەتەکەم مێژووی خۆیان بزانن و پێکەوە خزمەت بە کورد و کوردستان بکەن، هەروەها کولتووری باوک و باپیرانمان بپارێزین".
کتێبەکە باسی مێژوو و سەرەتای درووستبوونی عەشیرەتەکە و هەرکییەکان لە بەڵگەنامە مێژووییەکاندا دەکات، ئەمە سەرەڕای نیشاندانی ئەو جوگرافیەی کە رۆڵەکانی ئەو عەشیرەتەی لێدەژین، کە لە باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
جگەلەوە بەشێک لە ئەلبوومی وێنەی جەنگاوەر، پێشمەرگە و پیاوماقوڵەکانیان بە جلوبەرگی کولتووریانەوە لەو کتێبەدا کۆکردووەتەوە.
نەجات ئەکرەم دەشڵێت، کتێبەکەیان بە سپۆنسەری رێکخراوی ماڵی هەرکی چاپکراوە و لەلایەن نووسەری کورد بەرهەم عەلی پێداچوونەوەی زمانی بۆ کراوە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن