سینەم بەدرخان مێژووی بەدرخانییەکان دەنووسێتەوە

رووداو - هەولێر

ژنە نووسەر و رووناکبیری کوردی رۆژئاوای کوردستان سینەم جەلادەت بەدرخان، سەرقاڵی نووسینەوەی مێژووی کۆن و هاوچەرخی بەدرخانییەکانە و بەنیازە لە توێی کتێبێکدا چاپ و بڵاوی بکاتەوە.

سینەم بەدرخان بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی راگەیاند: مێژووەکە لە یادەوەرییەکانی خۆم و ئەو بەسەرهاتانە پێکهاتووە کە لە کەسە نزیکەکانمەوە بیستوومن، بەتایبەت یادەوەرییەکانم لەگەڵ کامەران بەدرخانی مامم.

سینەم بەدرخان دەڵێت: "لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان بەدوای بەڵگەنامەدا گەڕاوم، چەند بەڵگەنامەیەکی سەردەمی عوسمانییەکانی باپیرانمم دەستکەوتوون، هەروەها چەندین بەڵگەنامە و بەسەرهاتم لە لەیلا بەدرخانی کچی عەبدولڕەزاق بەدرخانەوە پێگەیشتووە کە سوودێکی زۆریان لێدەبینم بۆ کتێبەکەم".

سینەم جەلادەت بەدرخان، لە ساڵی 1938 لە دیمەشق لەدایک بووە و قوتابخانەی راهیباتی فەرەنسی لە شام تەواو کردووە. ساڵی 1960 بەهۆی هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ ئەندازیار سەڵاحەدین محەممەد سەعدوڵڵا هاتووەتە باشووری کوردستان، ساڵی 1974 بە بڕیاری قیادەی سەورە لە کەرکووک دەرکراوە، لە حەفتاکاندا سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بووە و ساڵی 1980 بووەتە مامۆستا لە قوتابخانەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە زمانی فەرەنسی، لە ساڵی 1995 خانەنشین بووە و ئێستا لە هەولێر دەژی.