گەناو: گۆمێک لە نزیک رانیە بە هاوینان رەنگی دەگۆڕێت و دەبێتە مۆر

رووداو دیجیتاڵ

 

گۆمی گەناو، یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی نزیک دەریاچەی دووکان، کە بە رەنگ و بۆنە جیاوازەکەی لە ئاوەکانی دەوروبەری جیادەکرێتەوە، رەنگەکەی بەپێی وەرز دەگۆڕێت، بەجۆرێک لە هاویندا مۆرە و لە وەرزەکانی دیکەدا رەنگی ئاساییە.
 
گۆمی گەناو نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە قەزای رانیە و 700 مەتر لە دەریاچەی دووکان دوورە. تیرەی دەریاچەکە نزیکەی 360 مەترە، واتە نزیکەی 100 هەزار مەتر دووجا، قووڵییەکەشی نزیکەی 25 مەترە.
 
چەند جارێک لێکۆڵەرانی بواری ژینگە و زەویناسی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گۆڕانی رەنگی ئاوەکە سەردانی گۆمەکەیان کردووە. لە ساڵی 2015 تیمێکی شوێنەوارناسی ئەڵمانی لە زانکۆی میونشن بەهاوکاریی تیمێکی زانکۆی سلێمانی سەردانی گۆمەکەیان کرد، چەند هۆکارێکیان دیاریکرد بۆ رەنگ و بۆنی ئاوەکە.
 
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر دیاری عەلی، یاریدەدەری راگری کۆلێژی زانست لە زانکۆی سلێمانی کە یەکێك بوو لە ئەندامانی تیمەکە، بۆ رووداو گوتی: یەکێک لە هۆکارەکانی گۆڕانی رەنگی ئاوەکە بەرزیی خوێ و پلەی گەرمییە، چونکە دەبێتەهۆی گەشەکردنی جۆرێک لە بەکتریا بە ناوی Halobacteria و جۆرێک لە قەوزە لە جۆری Dunaliella salina.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزیی رێژەی کبریتە لە ئاوەکە و هەبوونی دوو جۆر لە بەکتریای کبریتییە Chlorobium phaeobacteroides وChromatium minus. کە ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئاوەکە بۆنی هێلکەی پیسبووی لێبێت.
 
سەرەڕای ئەوەی کە تاوەکو ئێستا بەتەواوی پێکهاتەکانی ئاوەکە و هۆکاری رەنگەکەی دیارنییە، بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە وەک چارەسەر بۆ هەندێک لە نەخۆشییەکانی پێست، قوڕ و ئاوی گۆمەکە بەکاردەهێنن. هەروەها پێیانوایە کە بۆ کشتوکاڵ و ئاودێرانی زەوییەکانیان سوودی هەیە.