رێگاكانی لابردنی مووی زیاد
لابردنی مووە زیادەكانی جەستە، بە تایبەتیش مووەكانی دەموچاو بە یەكێك لە بێزەوەرترین كارەكانی خانمان دادەنرێت، لەبەر ئەوەی ئازارێكی زۆری هەیە، هەروەها دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێستیان، بۆ چارەسەری ئەوە پێویستە خانمان هەندێك رێنمایی جێبەجێبكەن لەپێناوی پاراستنی پێستیان.
ئەگەر جۆری پێست لە جۆری هەستیار، یان لەو جۆرە بوو كە موو لە ژێریدا گەشە دەكات، یان تووشی هەوكردن دەبێت لە دوای موو لابردن، دەبێت رێگەی موولابردنی وشك بەكاربهێنرێت، واتا بێ بەكارهێنانی كرێمی جۆراوجۆر.
گێرهارد لۆتس پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست، داوادەكات رێگەی وشك بەكاربهێنرێت چونكە پێست ماندوو ناكات و زیانی پێناگەیەنێت، بە پێچەوانەی رێگای موو تاشینی تەڕەوە (گریقە الحلاقە الرگبە).
دەربارەی رێگەی بەكارهێنانی وشك بۆ موو لابردن، گێرهارد لۆتس، كە ئەندامی یەكگرتووی ئەڵمانییە بۆ پزیشكانی پێست، دەڵێت ئەگەر گوێزانی تیژ بەكاربهێنرێت، ئەوا بێ بەكارهێنانی هێز مووەكان لادەبرێن، ئەویش بە بەكارهێنانی گوێزانەكە بەشێوەیەكی هێواش و بەرەو ئاڕاستەی گەشەكردنی مووەكان. لۆتس جەختدەكاتەوە باشترە مووتاشین لە دوای خۆشووشتنەوە بێت بە ئاوی گەرم، چونكە دوای ئەوەی پێست پاكدەبێتەوە و مووەكانیش زیاتر لەباردەبن بۆ لابردن بەهۆی ئاوە گەرمەكەوە، گرنگە لە دوای پرۆسەی موولابردنەكەوە بە یەكێك لە جۆرەكانی پاككەرەوەكانی تایبەت لە دوای تاشینی موو پێست نەرم بكرێتەوە.
ئەو خانمانەی نایانەوێت رێگەی وشك یان تەڕ بەكاربهێنن بۆ لابردنی مووەكانیان، دەتوانن جۆرەكانی كرێمی كیمیایی لابردنی موو بەكاربهێنن.
ئەو كرێمانە كار لەسەر تواندنەوەی ئەو بەشە دەكەن كە مووەكەی لەسەر پێست راگرتووە، بەڵام پێویستە ئەو كەسانەی ئەم رێگەیە بەكاردەهێنن، پێشتر توانای پێستیان بزانن كە ئایا بەرگەی بەكارهێنانی ئەو ماددە كیمیاییانە دەگرێت یان نا، ئەوەش بە بەكارهێنانی ئەو جۆرە كرێمە كیمیاییانە لەسەر بەشێكی بچووكی پێست و 24 كاژێر چاودێریكردنی، بۆ زانینی راددەی هەستیاری پێست بەرامبەر ئەو جۆرە ماددەیە.
ئەو جۆرە كرێمە كیمیاییانە بەكارهێنانیان ئاسانە، بەڵام هەندێك مەترسی لەسەر پێست دروستدەكەن، ئەو مەترسییانەش زیاتر دەبن ئەگەر بەكارهێنانی ئەو كرێمانە زۆرتر دووبارە ببنەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی ماددەی كیمیایی تێیاندا كە زیان بە پێست دەگەیەنن.
رێگاكانی موو لابردن پێشتر بە بڕینی مووەكە دەبوو لە بنیدا و هێشتنەوەی رەگەكەی بوو، بەڵام رێگا نوێیەكان مووەكە لە بندا دەردەهێنن، هەروەك بە بەكارهێنانی مۆم و ئامێری كارەبایی تایبەتی موولابردن.
گێرهارد لۆتس ئاماژە بەوە دەدات ئەو رێگەیە ئازاربەخشە بۆ خانمان، بەڵام تایبەتمەندییەكەی ئەوەیە مووەكان درەنگتر گەشە دەكەنەوە.
رێگەی دیكەش هەن بۆ لابردنی موو، ئەویش بە بەكارهێنانی رووناكی كە لە ژێر سەرپەرشتی پزیشكدا بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەوەش دیسان مەترسیدارە و لەوانەیە كاریگەری لاوەكی لێبكەوێتەوە. د.لۆتس هۆشداری دەدات لە بارەی بەكارهێنانی ئەو رێگایەوەو دەڵێت "لەوانەیە پێست بسووتێنێت یان رەنگەكەی تێكبدات".
سەبارەت بە لابردنی موو بە لێزەر، نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەنجامبدرێت لە ژێر سەرپەرشتی پزیشكی پسپۆڕدا نەبێت، تیشكی لێزەر كاردەكاتە سەر تێكدانی پرۆسەی گەشەی رەگی مووەكان، بەوەش تا چەند مانگ یان چەند ساڵێك مووەكان گەشە ناكەنەوە، بەڵام پرۆسەی بەكارهێنانی تیشكی لێزەر پێویستی بە چەند جارێك دووبارەكردنەوە هەیە.
گێرهارد لۆتس هۆشداری دەدات لە خۆدانە بەر تیشكی خۆر بەشێوەیەكی درێژخایەن، یان بەكارهێنانی ئامێری گۆڕینی رەنگی پێست، چونكە ئەوە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەكات.