ئیمپڕاتۆر خەونی گەورەی هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتال

یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەشکردووە، خەونەکە گەورە بووە و راهێنەر و سەرۆکی یانەکە مژدەی ئەوە بە هاندەران دەدەن کە دەتوانن رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە بکەن.
 
دوور لە چاوەڕوانییەکان و لەوکاتەی هاندەرانی هەولێر خەمی گەورەیان داخستنی دەرگای یانەکە بوو، باسم قاسم گەورە راهێنەری عێراق بە تەنیا چوار مانگ توانی شکۆی یانەکە بگەڕێنێتەوە و سەلماندی جەنەڕاڵە و دەتوانێت کاری گەورە بکات. 
 
ئیمپڕاتۆر کاتێک دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ کرد، هەموو یانەکانی عێراق گرێبەستی باشیان کردبوو لەنێو کەمپی راهێنان لە وڵاتانی دەرەوە بوون، راهێنەر و یاریدەدەرەکانی هەولێر هاتن لە خاڵی سفرەوە دەستیانپێکرد، رۆحیەتی یەک ماڵباتی و شەڕکردن لەپێناو درێسە زەردەکەیان لەنێو تیپەکەیاندا چاند. 
 
ئێستا هەولێر بووەتە دێوەزمە بۆ هەموو یانەکانی عێراق، ئەو بیکردنەوەیەی گۆڕیوە کە دەبێت دەیان ملیار خەرج بکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی باشت هەبن، ئەوە باسم قاسمە، سەرکردایەتی لەشکرێک دەکات کە لە شورتەی زەبەلاح و پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی عێراق دەباتەوە، هەر ئەویشە گوێی بە گرێبەستە زەبەلاحەکانی گەرمە نەدا و بە زەوی دادا. 
 
درێس زەردەکان لە لووتکەی ئاستبەرزیدان و بەکۆکردنەوەی 23 خاڵیان هەیە، حەوت یارییان بردووەتەوە و دوو یاریی یەکسانبوون.
 
لە دوایین گەڕی خولەکەدا هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی لە یانەی نەفتی میسانی بردەوە بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر، دوای یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری هەولێر لەبارەی کارکردنی لە چوار مانگی رابردوودا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە بەئەزمەوونی زۆردا رۆیشتین، بەڵام سوپاس بۆ خوا پاڵپشتمان بوو لەوەی کە ئەم ماوەیە لە هەولێر سەرکەوتووبین ئەمە شتێکە شانازی پێوەدەکەین و ئەگەر پشتگیری هاندەران نەبووایە بێگومان بەدەستمان نەدەهێنا".
 
ئەو هەروەها گوتی "هاندەران لە قورسترین بارودۆخەکان لەگەڵمانبوون ئەگەرچی ئامادەسازییەکانمان لە باشترین دۆخدا نەبوون، بەڵام ویستی ئەوەمان هەیە کە یاریزانەکانمان باشتر بکەین و یاریزانی دیکە بێنین".
 
بڕیارە رۆژی پێنجی ئەم مانگە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکرێتەوە و مانگێک دەخایەنێت، یانەی هەولێر دەیەوێت پێکهاتەکەی تۆکمەتر بکات. 
 
راهێنەری هەولێر زیاتر روونیکردەوە "ئێمە لە چەند رۆژی داهاتوودا یاریزانێکی ئۆزباکستانی دەهێنین و لەوانەیە دوو یاریزانی پێشەگەر و یاریزانی ناوخۆییش دێنین و پێموایە ئەمانە هێزی تیپەکەمان زیاتر دەکەن و وامان لێدەکات لە ریزەکانی پێشەوەی ریزبەندیی خولەکەدا بمێنینینەوە".
 
وەرزی ئەمساڵ سەرەڕای بوونی ئەنجامێکی باش، ترسی قەیرانی دارایی هەیە، بەڵام دەستەی کارگێڕیی یانەکە توانیویەتی ماف و مووچەی یاریزانان بەتەواوی بدات، تەنیا کێشەیەک ئەوەیە کە زیاتر لە ملیارێک دینار قەرزاری راهێنەر و یاریزانانن کە وەرزی رابردوو یارییان بۆ یانەکە کردووە و مافەکانیان وەرنەگرتووە.
 
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر زۆر بەمتمانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و جەختیکردەوە "ئەمساڵ دەمەوێت نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق ببەمەوە و بەشداری پاڵەوانێتییەکی دەرەوە بکەین، لەسەر بەڵێنی خۆمم و دەمەوێت رکابەری بکەین، راستە قەرزارین و ملیارێک دینارمان پێویستە، مافی کەس ناخۆین و پارێزگاری هەولێر بەڵێنی پێدواین کە هەموو قەرزەکان بدەینەوە و هاوکاریمان دەکات". 
 
یانەی هەولێر رۆژی یەکشەممە لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی جەوییە دەکات، هاندەرانی هەولێر گەشبینن و دەیانەوێت ئاهەنگ و شەوێکی لەبیرنەکراو لە یادەوەری خۆیان تۆمار بکەن. 
 
یانەی هەولێر خاوەن 4 نازناوی خولی عێراقە و دووجار پلەی دووەمی لە جامی یەکێتیی ئاسیا بەدەستهێناوە، ئەمساڵیش دوای تێپەڕبوونی 9 گەڕ پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە