چیرۆکی سەرکەوتنی وەرزشکارێکی کورد لە ئەڵمانیا؛ یەکەم یاری رووبەڕووی 'هیتلەر' بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەریاد تەمەنی 17 ساڵە و سەرەڕای ئەوەی دایک و باوکی نییە، بەڵام بە هەوڵی خۆی و براکانی توانیویەتی ببێتە وەرزشکارێکی سەرکەوتوو لە ئەڵمانیا. باسی لە یەکەم یاریی خۆی کرد کە رووبەڕووی یاریزانێک بووەتەوە ناوی "هیتلەر" بووە، مامۆستاکەی بە هەریادی گوتووە لێی بدات و لووتی بشکێنێت، بەڵام ئەو بەقسەیی نەکردووە.
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا، میوانداریی هەریاد و سۆرانی برایی کرد، کە نموونەیەکی درەوشاوەی یەکگرتوویی و خۆڕاگرییان نیشان دا. پاڵەوانی راستەقینەی ئەم چیرۆکە، جگە لە هەریادی بۆکسێنەر، هەریەکە لە سۆران و یەعقوبی برایەتی، چونکە هەریاد کە لە تەمەنێکی بچووکدا بێ دایک و باوک گەورە بووە، براکانی پیاوانە پشتیان گرتووە و پەروەردەیان کردووە، تاوەکو گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لەم دواییانەدا لە ئەڵمانیا خەڵات وەربگرێت.
هێمن عەبدوڵڵا بە پێکەنینەوە باسی چیرۆکی "هیتلەر"ی کرد و پرسیاری لە هەریاد کرد، ئەم ناوە چییە؟ هەریاد بە روویەکی خۆشەوە روونیکردەوە کە لە یەکەم یاریدا لە ئەڵمانیا، رکابەرەکەی ناوی هیتلەر بووە، گوتی "چوومە ژوورەوە و بە تووڕەیی سەیری منی دەکرد، منیش بە تووڕەیی سەیری ئەوم دەکرد، مامۆستاکەم پێی گوتم: دەستپێبکە و لووتی بشکێنە! لێیدە! بەس لێم نەدا." ئەم چیرۆکە سادەیە، بەڵام پڕ واتایە، بووە مایەی پێکەنین و سەرسامیی ئامادەبووان.
سۆران هاشم، برای هەریاد، باسی لەوە کرد کە هەریاد لەم دواییانەدا پلەی دووەمی لە کیک بۆکسینگدا بەدەستهێناوە لە شاری کالسرۆ لە ئەڵمانیا. هەریاد لە یانەکەی خۆی لە کیک بۆکسینگ لە رافرس بۆرگ راهێنان دەکات، لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەرەکەی ئایا ئەندرێ. یەعقوبی برا گەورەی، کە لە پشتی کامێراوە پاڵپشتیی دەکات، راهێنەری ماڵەوەی هەریادە.
سۆران باسی لەوەش کرد کە چۆن هەریاد هاتە ناو دنیای بۆکسینگ، کاتێک دایکیان کۆچی دواییکرد، هەریاد تەمەنی 7 ساڵان بووە، سۆران و یەعقوب و ئەیوبی برایان، کە ئێستا لە کوردستانە، ماڵەکەیان بە جۆرێک رازاندووەتەوە کە هەریاد هەر لە جێگاکەی خۆیەوە دەیتوانی یاریی بۆکسینگ بکات، تاوەکو دەچووە ناو باخچەکە، ئەمە نیشانەی خۆشەویستی و دڵسۆزیی براکان بوو بۆ بچووکترین ئەندامی خێزانەکەیان.
هێمن عەبدوڵڵا پرسیارێکی ئاراستەی سۆران کرد، سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەوان وەک برا، بەبێ دایک و باوک، توانیویانە هەریاد پەروەردە بکەن و بیکەنە پاڵەوان، لەکاتێکدا زۆر منداڵی دیکەی کورد دایک و باوکیان هەیە، بەڵام سەرکەوتوو نین، سۆران بە قووڵی وەڵامی دایەوە و گوتی، "ئێمە یەکگرتووین، ئەو یەکگرتووەش ئێمە لە دایکمانەوە فێر بووین، یەکگرتووی نێوان براکانم، کە کاتێک دایکمان کۆچی دواییکرد، هەریاد حەوت ساڵان بووە و ئێمە بەتەنیا لە ئەڵمانیا ماونەتەوە، خەڵک دەیانوت تەواو، منداڵەکان دەکەونە سەر شەقام، هیچ کەسێکمان نەماوە لێرە، بەڵام ئێمە یەکدیمان گرت و بڕیارمان دا کە ئەگەر پاڵپشتی یەکتر نەکەین، هیچ چارەنووسێکمان نابێت،واتە یەکگرتووییمان نهێنی سەرکەوتنمانە."
سۆران باسی لەوەش کرد، خۆی لە تەمەنی 19 ساڵیدا خواردن و جل شوشتنی هەمووانی کردووە، بەڵام ئێستا هەریاد فێری کردووە و خۆی جلی دەشوات و دەتوانێت خواردن دروست بکات.
هەریاد بە پێکەنینەوە باسی خواردنی کرد و گوتی، "براکانم هەمیشە پێمدەڵێن زۆر کەباب دەخۆی، کەباب و کفتە." گوتیشی، "کەبابی کوردی یەکەمە، نهێنیی سەرکەوتنم کەبابی کوردییە". ئەمە نیشانەی خۆشەویستییەکەی بوو بۆ خواردنی کوردی.
سەبارەت بە خۆئامادەکردنی بۆ یارییەکان، هەریاد گوتی، "هەفتەیەک پێشتر نانی زۆری نەدەخوارد، تەنیا نانی سووک وەک پاستا و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە کەمی، هەروەها راهێنانی زۆری دەکرد."
سەبارەت بە هەستی کوردبوون و ئاڵای کوردستان لەکاتی یارییەکانیداهەریاد گوتی، "یەکێک هەیە بە ئاڵای کوردستانەوە لە ئەڵمانیا یاری دەکات، ئەوەم پێ جوانە، یانی شەرم ناکات کە کوردە، منیش وەک ئەوم، منیش شەرم ناکەم کوردم، من بەو خەڵکانە لە دەرەوە پێیان نیشان دەدەم من کێم و خەڵکی کوێمە."
سۆران باسی لەوە کرد کە خۆی لە زانکۆ لە بەشی هونەری و شانۆ خوێندوویەتی، بەڵام بەهۆی بچووکی هەریاد و پێویستییان بە پارە، زەحمەت بووە بەردەوام بێت، بەڵام ئێستا هەموویان گەورە بوون و خوێندنیان تەواو کردووە و کار دەکەن.