رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە دۆخێکی گوماناوی و دڵەڕاوکەدا دەژی، پاشئەوەی لەماوەی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانانی یانەکە دووچاری پێکانی جیاوازبوون و ئەوەش سەرئێشەی زۆری بۆ هانزی فلیکی راهێنەر دروستکردووە.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فلیک هەست بەدڵەڕاوکە دەکات، بەهۆی دۆخی جەستەیی یاریزانەکانی، پاشئەوەی شیکردنەوەی داتای یاریزانەکان دەریخستووە، پاشەکشەی گەورە هەیە.
شیکردنەوەی داتای توانای جەستەیی یاریزانانی بارسێلۆنا، وەک ئەوەی میدیای ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، دەریدەخات کە بەراورد بەوەرزی رابردوو، توانای جەستەیی سەرجەم یاریزانەکان لە رووی خێرایی و بەرگەگرتنەوە زۆر لەپاشیداوە. ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەرئاستی تیپەکە هەبووە و بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی گوشارکردن و بڵاوبوونەوەی یاریزانان لە یاریگەدا.
هانزی فلیک و کارگێڕیی یانەکە پێیانوایە، ئەو پاشەکشە جەستەییە، یەکێکە لە هۆکارە راستەوخۆکانی ژمارەی زۆری پێکانی یاریزانان کە لەماوەی تەنیا سێ مانگی رابردوودا، گەیشتووەتە 13 پێکانی جۆراوجۆر.
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، هەندێک یاریزانی بارسا، گلەییان لە سیستمی مەشقە جەستەییەکانی یانەکە هەیە و پێیانوایە بۆ وەرزێکی درێژی پڕ لە یاریی نابێت.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، هەندێک یاریزانی یانەکە، هەنگاوی سەربەخۆیان ناوە بۆ باشترکردنی توانای جەستەییان، چ بەکارکردن لەگەڵ تایبەتمەندانی پەرەپێدانی توانای جەستەیی یان کارکردن لە دەرەوەی مەشقەکان. هەندێکیش پەنایان بۆ پسپۆرانی خۆراک و توانای جەستەیی بردووە لەپێناو ئامادەکردنەوەی جەستەیاندا.
وەک رۆژنامەکان دەڵێن، فیران تۆرێس نموونەیەکی زیندووە لەو دۆخەدا. ئەو پەنای بردە بەر پسپۆرانی بواری دەروونی بۆ هاوکاریکردنی لەپێناو تێپەڕاندنی ماوەی دڵەڕاوکە کە لە رابردوودا دۆخی ئەوی زۆر تێکدابوو، هەروەها ئەو راهێنەرێکی تایبەتی بەکرێگرت، بۆ بەهێزکردنی ماسوولکەکانی و باشترکردنی دۆخی توانای جەستەیی، پاش زنجیرەیەک پێکانی بەردەوام کە کێشەیان بۆ دروستکردبوو.
ئەو جۆرە چارەسەرە تاکەکەسییانە، بووەتە دیاردەیەکی باوی نێو یاریزانانی بارسێلۆنا، لەسایەی نەبوونی سەقامگیری لە تیپەکەدا و دووبارەبوونەوەی پێکانەکان.
رەخنەی یاریزانانی بارسا، ناڕاستەوخۆ لە خۆلیۆ توسی راهێنەری توانای جەستەییە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارگێڕیی یانەکە پشتگیری دەکەن و پێیانوایە یەکێکە لە باشترینەکانی هەموو ئەورووپا.
کارگێڕیی بارسا پێیوایە ئەو دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و دۆخەکە راست بکاتەوە، بەتایبەت کە ئەزموونێکی زۆری لەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی جیاوازی مەشقکردن و توانای جەستەیی یاریزانان و ئامادەکردنەوەی ماسوولکەکاندا هەیە.
بارسێلۆنا، هەنگاوی کردەنی بۆ باشترکردنی توانای جەستەیی یاریزانەکانی دەستپێکردووە. توس، پلانی گشتگیری چاککردنەوەی دۆخەکەی داناوە، بەزیادکردنی کاژێرەکانی کارکردن لەنێو هۆڵی وەرزش، دانانی پڕۆگرامی تایبەت بۆ هەر یاریزانێک بەپێی دۆخی کەسەکە، هەروەها پەنابردنە بەر پسپۆرانی دەرەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بەپێی سەرچاوەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا، تەنانەت لامین یامال پێشانی پسپۆرانی دەرەوەی یانەکە دراوە، بۆ وردبوونەوە لە دۆخی پێکانەکەی و گرتنەبەری رێگەی گونجاو لەپێناو چاکبوونەوەی یەکجاریی یاریزانەکە.
هانزی فلیکی راهێنەر، بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر یاریزانە سەرەکییەکانی و پاراستنیان لە تووشبوونەوە بەپێکان، بڕیاریداوە بەشداری پێکردنی یاریزانانی لاوی تیپی دووەم لەماوەی داهاتوودا زیاتر بکات. تاوەکو بەردەوام ژمارەیەک یاریزانی سەرەکی پشوو وەربگرن و قورسایی بەردەوامی یارییەکان و مەشقەکانیان لەسەر کەمتر ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ