رووداو دیجیتاڵ
بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پاڵپشتی خۆی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی راگەیاند، بۆ داواکردنی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030.
جۆنسۆن دەڵێت: " ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بەریتانیا و ئێرلەندا دۆسیەی پێشکێشبکەن، بۆ ئەوەی میوانداری مۆندیالی 2030 بکەن، جگە لەوەش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ میوانداریکردنی یاریی زیاتر لە پاڵەوانێتی یۆرۆی داهاتوو کە بڕیاربوو لە 2021 بکرێت پێشاندا.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا زیاتر گوتی: " ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە 2030 تۆپی پێ بگەڕێتەوە وڵاتەکەمان، لە راستیدا شوێنێکی گونجاوە و وڵاتی تۆپی پێیە، ئێستا کاتێکی گونجاوە و شتێکی زۆر جوان دەبێت بۆ وڵات".
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، وەزیری دارایی ئەو وڵاتە ریچی سوناک 2 ملیۆن و 8 هەزار پاوەند دەداتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی بۆ ئەوەی دۆسیەی میوانداریکردنی مۆندیال ئامادەبکەن، کە ئەوە تەنیا بودجەی سەرەتاییە.
بۆریس جۆنسۆن لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " ئێمە ئامانجمان ئەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا لە تۆپی پێدا بەرەوپێشڤەچوونی زۆر بەخۆمانەوە ببینین".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا لەگەڵ سکۆتلاند، وێلز، ئێرلەندای باکوور و ئێرلەندا پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن و دەیانەوێت پێکەوە میوانداری مۆندیالی 2030 بکەن، بۆ ئەوەش هەموو ئەو فیدراسیۆنانە هەڵسەنگاندنی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی پێشکێشکردنی دۆسیەی میوانداریکردن بەباشی ئامادەبن، کە پێیان وایە ئەوە هەلێکی زۆرباش دەبێت بۆ بەریتانیا.
بەریتانیا پێشتر لە 1966 میوانداریی مۆندیالی کردووە و ئەو ساڵە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نازناوەکەی لە بەردەم هاندەرانیدا بەدەستهێنا، لەو کاتەوە نە وڵاتەکە میوانداریی مۆندیالی کردووە و نە هەڵبژاردەکەش نازناوەکەی بردووەتەوە.
لەبارەی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەوان ئامادەبن بۆ ئەوەی میوانداری یارییەکانی پێشکۆتایی و یاریی کۆتایی بکەن، ئەگەر پێویست بێت یاریی دیکەش لە بەریتانیا بەڕێوەدەبن و ئامادەیی وڵاتەکەشی بەتەواوی بۆ ئەوە راگەیاند و گوتی، بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوە ئامادەین، بۆ ئەوەش لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا قسەدەکەن.
یارییەکانی یۆرۆی 2020 کە بەهۆی کۆرۆناوە بۆ 2021 دواخران، لە هاوینی داهاتوو دەستپێدەکەن، یارییەکان لە 12 شاری جیاوازی کیشوەری ئەوروپا لەنێوان 11 حوزەیران بۆ 11 تەمووز بەڕێوەدەچن.
ئەو شارانەی میوانداریی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، دوبلن، بیلباو، ئەمستردام، کۆپێنهاگن، میونشن، رۆما، سانپێترسبێرگ، بوخارست، بۆداپێست و باکۆ.




