راهێنەری یانەی رزگاری هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن یانەی رزگاری سەردار مەجید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راهێنەری یانەی رزگاری کێشەی سەرەکی تیپەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت هۆشداری داوەتە یاریزانەکانی ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکەن دادەبەزن بۆ خولی پلەیەکەکان.
 
یانەی رزگاری لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بە بارودۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و یانەکە سەرەڕای ئەوەی هیچ کێشەیەکی دارایی نییە، بەڵام لە ریزبەندیی خولەکەدا لە پێگەیەکی خراپدایە. 
 
یانەی رزگاری لەم وەرزەی خولەکەدا بەکۆکردنەوەی  18 خاڵ لە پلەی 10ـمدا دەبینرێت و راهێنەری یانەکە هۆکارەکە بۆ رووداو سپۆرتس رووندەکاتەوە. 
 
سەردار مەجید، راهێنەری یانەی رزگاری سەبارەت بە کێشەی سەرەکی تیپەکەی، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئێمە یەک کێشەمان لە تیپەکەدا هەیە، تەنیا یەک، ئەویش کێشەی گۆڵکردنە، نازانم بۆ ئەوەی لە مەشقەکان ئەنجامی دەدەین، ناتوانین لە یارییدا جێبەجێی بکەین".
 
ئەو زیاتر گوتی "لە دوایین یارییماندا  یاریزانەکانم لەوە ئاگادارکردەوە کە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بین، دادەبەزین بۆ خولی پلەیەکی کوردستان، بەڵام سوپاس بۆ خوا بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ لە یانەی پیشەسازیمان بردەوە". 
 
یانەی رزگاری، مووچەی مانگانەی یاریزانەکانی نزیک دەبێتەوە لە 45 ملیۆن دینار، بەڵام ئەنجامەکانی تیپەکە لە ئاست ئەم خەرجییە نین. 
 
راهێنەری یانەکە لەسەر ئەم بابەتە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند" پێکهاتەکە هەرچەند گرانبەها بێت، بەڵام من دامنەناوە، دەکرێت کۆمەڵێک یاریزان هەبن بەدڵم نەبن، بەڵام من خۆم لە نیوەی دووەمی وەرزەکە هاتووم، بۆیە ناچارم دەست و پەنجە لەگەڵ بارودۆخەکە نەرم بکەم". 
 
یانەی رزگاری لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان پێنج یاریی ماوە و رووبەڕووی هەریەک لە دەربەندیخان، چوارقوڕنە، سیروانی نوێ، هەندرێن و پێشەمەرگەی هەولێر دەبێتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە