تاقیکردنەوەیەکی نوێ.. لۆس بلانکۆس بەبێ بەشێکی ئەستێرەکانی یاریی دەکات

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین یاریی گەڕی 26ـی لالیگادا، یانەی ریال مەدرید بەرامبەر خێتافی یاریی دەکات و دەیەوێت لە رکابەریکردنی بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت، ریال مەدرید رۆژی یەکشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و چاوی لەوەیە لە یاریگەی خۆیدا بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردنی بارسێلۆنای خاوەنی پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دوورنەکەوێتەوە.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا بەهۆی پێکانەوە هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ، جود بێلینگهام، ئێدوارد کاماڤینگا، ئێدێر میلیتاو، دانی سێبایۆس و راول ئاسێنسیۆ بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا یانەی شاهانە دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ساڵانە بەبێ گوێدان بە پێکهاتەکەی یان ئەو یاریزانانەی هەیەتی، بۆردالاس زۆرترین سوودیان لێ وەردەگرێ، ئەو راهێنەرێکە وا لە تیپەکانی دەکات بەڕاستی شێوازی خۆی یاری بکەن، بۆ ئێمە وەکو راهێنەر زۆر روونە کاتێک بەرامبەر تیپەکانی بۆردالاس یاریی دەکەین رووبەڕووی چی دەبینەوە، پێموایە راهێنەرێکە تیپەکانی بە بەرگرییەکی زۆرباش یاریی دەکەن."
 
ریال مەدرید 8 یاریی رابردووی لەسەریەک لە خێتافی بردووەتەوە، لەو هەشت یارییەدا تیپەکە تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە، دوایین بردنەوەی خێتافی لە ریال مەدرید لە وەرزی 2021/2022 بوو کاتێک لە یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
 
بەر لەم یارییە خێتافی لە دوایین 5 یارییدا تەنیا یەکجار دۆڕاوە و چاوی لەوەیە بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامێکی باشی هەبێت.
 
ریال مەدرید دوایین یاریی لە لالیگادا بەرامبەر ئۆساسونا دۆڕاندووە و بەو هۆیەوە پێشەنگی ریزبەندی لالیگای لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا لەدەستدا، ئەمشەو دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە و لە رکابەریکردن بەردەوامبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە