کێشەیەک کەوتە نێوان بارسێلۆنا و نیکۆ ویلیامز

02-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نیکۆ ویلیامز یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بارسێلۆنا داواکارییەکی نیکۆ ویلیامز رەتدەکاتەوە و بەدوای رێگەچارەیەکی ناوەنددا دەگەڕێت، یاریزانەکەش سوورە لەسەر ئەو داواکارییەی بۆ ئەوەی مافی نەخورێت.
 
بەرپرسانی بارسێلۆنا نایانەوێت ملکەچی داواکارییەکی نیکۆ ویلیامزی ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو ببن، کە داوایکردووە بەندێکی تایبەت لە گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکەیدا لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە جێگیر بکرێت، کە رێگەی پێدەدات بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت ئەگەر ناوی لە لالیگا تۆمارنەکرا.
 
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، یاریزانەکە سوورە لەسەر جێگیرکردنی ئەم بەندە بۆ ئەوەی مافی خۆی مسۆگەر بکات کە بەخۆڕایی بارسێلۆنا جێبهێڵێت ئەگەر بەفەرمی تۆمارنەکرا، ئەمەش خاڵێکە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولادا.
 
ئەم مەرجە لە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا و بەڕێوەبەری کارەکانی ویلیامزدا باسی لێنەکرا، کاتێک پێشنیازی ئەوە بۆ یانەکە کرا کە ئەو رێککەوتنە زیندوو بکرێتەوە کە لە هاوینی رابردوودا پێیگەیشتبوون.
 
بەڵام سەرچاوەکانی نێو بارسێلۆنا دووپاتیانکردەوە کە یاریزانەکە تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەم مەرجەی پاشگەز نەبووەتەوە، ئەمەش کارگێڕیی یانەکەی نیگەران کردووە، چونکە پێیانوابوو نیکۆ ئەمجارە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە گرێبەستەکە واژۆ دەکات.
 
کاتی خستنەڕووی ئەم بەندە سەرچاوەیەکی دیکەی نیگەرانییە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکردنی گرێبەستە فەرمییەکان، ئەمەش کارگێڕیی یانەکەی خستووەتە دۆخێکی یاسایی و دارایی ئاڵۆزەوە، بەهۆی هەستیاریی ئەو پابەندبوونانەی کە لە ئەنجامی رێککەوتنێکی لەم شێوەیەوە دێنە ئاراوە.
 
بەرپرسانی بارسێلۆنا بە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەیان راگەیاندووە کە دۆخی دارایی یانەکە ئەم هاوینە لە رووی یاساکانی "یاریی دارایی خاوێن"ـەوە باشتربووە و تۆمارکردنی یاریزانان ئاسانتر دەبێت بەبەراورد بە وەرزی رابردوو، کاتێک یانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا توانی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر تۆماربکات، بە سوودوەرگرتن لە سڕینەوەی ناوی ئەندریاس کریستنسن بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکەیەوە.

 

سەرەڕای ئەم دڵنیاییانەش، سەرچاوە نزیکەکان لە بارسێلۆنا سوورن لەسەر ئەوەی کە نیکۆ ویلیامز داوایکردووە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدرێت و پێش رێکەوتی 5ـی تەممووزی ئەم مانگە بەفەرمی لە لالیگا تۆماربکرێت، ئەمەش کارێکە کە یانەکە لە ئێستا گەرەنتیکردنی بۆی قورسە، هەرچەندە ئەگەری خێراکردنی پرۆسەی پێدانی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی هەیە.
 
پەلەکردنی یاریزانەکە لەبەر ئەوەیە کە دەیەوێت خۆی لە بەشداریکردن لە راهێنانە ئامادەکارییەکانی ئاتلێتیک بیلباو بۆ وەرزی نوێ بەدووربگرێت، کە بڕیارە لە 9ـی تەممووز دەستپێبکات، چونکە دەترسێت رووبەڕووی گوشاری کارگێڕیی یانەکەی ببێتەوە دوای ئەوەی هەواڵە دزەپێکراوەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە خۆی پێشنیازی بۆ بارسێلۆنا کردووە گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
 
ویلیامز بژاردەی ئامادەنەبوونی لە کەمپی ئامادەکاریدا هەیە بە بیانووی سەرقاڵبوونی بە تەواوکردنی رێکارەکانی رۆیشتنی، بەڵام ئێستا حەزناکات ئەم هەنگاوە بنێت.
 
لەلای خۆیەوە، بارسێلۆنا بەتەواوەتی جێگیرکردنی بەندێک رەتدەکاتەوە کە رێگە بە رۆیشتنی یاریزانەکە بەخۆڕایی بدات لە ئەگەری تۆمارنەکردنی، بەو پێیەی ئەمە مەترسییەکی گەورەی دارایی و یاسایی لەخۆدەگرێت، کە لەوانەیە کارگێڕیی ئێستا بە سەرۆکایەتیی خوان لاپۆرتا، بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی بخاتە ئەستۆ ئەگەر یانەکە نەیتوانی یاریزانێک تۆماربکات کە بەهای بازاڕییەکەی 62 ملیۆن یۆرۆیە.
 
سەرەڕای ئەوەش، بارسێلۆنا دەرگای بەڕووی گەیشتن بە رێگەچارەیەکی ناوەنددا دانەخستووە، کە بریتییە لە رەزامەندیدان لەسەر رۆیشتنی یاریزانەکە لە ئەگەری سەرنەکەوتن لە تۆمارکردنیدا تاوەکو کۆتایی بازاری گواستنەوەی هاوینە، بەو مەرجەی یانەکە بتوانێت تەواوی ئەو بڕە پارەیە وەربگرێتەوە کە لە گرێبەستەکەدا وەبەرهێنانی تێدا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە