وەرزشڤانێکی کورد ژمارەی پێوانەیی ئەورووپای لە بەرزکردنەوەی قورساییدا شکاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەرزشڤانێکی کوردی خەڵکی شرنەخی باکووری کوردستان لە بەرزکردنەوەی قورسایی لە پاڵەوانێتیی تازەپێگەیشتووانی ئەورووپا لە مەدرید ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و بووە خاوەنی میدالیایەکی زێڕ و دوو میدالیای زیو.
 
پاڵەوانێتییەکە لە رۆژانی 23-30ی تەممووز لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بۆ وەرزشڤانانی خوار تەمەن 15 ساڵ بەڕێوەچوو.
 
سەفکان سومەن، وەرزشڤانی کوردی خەڵکی شرنەخ ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد.
 
سومەن لە کێشی 88 کیلۆگرامیدا رکابەری کرد، لە جووڵەی "رفاندن"دا توانی 145 کیلۆگرام بەرزبکاتەوە، بەوەش ژمارەی پێوانەیی ئەورووپای شکاند و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
ئەو هاونیشتمانییە هەروەها لە جووڵەی "فڕێدان"دا 172 کیلۆگرامی بەرزکردەوە و لە کۆی گشتیشدا بە بەرزکردنەوەی 317 کیلۆگرام دوو میدالیای زیوی بردەوە و پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەی لەسەر ئاستی ئەورووپا مسۆگەر کرد.
 
بەم ئەنجامانە، سەفکان سومەن بە کۆکردنەوەی میدالیایەکی زێڕ و دوو میدالیای زیو سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ خۆی تۆمارکرد.