مێسی و رامۆس بەیەکەوە هاتن و بەیەکەوە دەڕۆن

03-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل میسی سێرخیۆ رامۆس پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی وەرزی 2023-2022ـی خولی یانەکانی فەرەنسا کۆتاییدێن، ئەمشەو دوو ئەستێرەی بەنێوبانگ ماڵئاوایی لە یاریزانان و هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمان دەکەن.
 
کاژێر 22:00 یانەی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی خولی فەرەنسا، لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کلێرمۆن فۆت یارییدەکات، یارییەکە جگە لە ماڵئاواییکردنی لیۆنێل مێسی و سێرخیۆ رامۆس، هیچ گرنگییەکی دیکەی نییە.
 
دوای دوو وەرز یارییکردن لە ریزەکانی یانە فەرەنسییەکە مێسی ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات، لەکاتێکدا لە 2021ـەوە لەو یانەیە یارییدەکات.
 
دوو رۆژ لەمەوبەر کریستۆڤ گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان رۆیشتنی مێسیی لە یانەکەی راگەیاند و گوتی "یاریی رۆژی شەممە دوایین یاریی مێسی دەبێت و هیوادارم هاندەران بەباشی پێشوازیی لێبکەن."
 
شەوی هەینی سێرخیۆ رامۆس رایگەیاند، لە یانەی پاریس سانجێرمان دەڕوات و گوتی "سبەی رۆژێکی جیاواز دەبێت بۆ من، سبەی ماڵئاوایی لە قۆناخێکی دیکەی ژیانم دەکەم. ماڵئاوا پاریس سانجێرمان."
 
مێسی و رامۆس لە 2021 بەیەکەوە پەیوەندییان بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، هەردووکیان لە دوو رکابەری سەرەکی لە لالیگادا بوونە دوو هاوڕێ لە خولی فەرەنسادا، ئەوان بەیەکەوە هاتن و بەیەکەوە دەڕۆن.
 
لە کاروانی یارییکردنیاندا، رامۆس 57 یاریی بۆ یانە فەرەنسییەکە ئەنجامدا و 5 گۆڵی تۆمارکرد، لیۆنێل مێسی لە 74 یارییدا 32 گۆڵی بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکرد و هەردوو یاریزانەکە بەیەکەوە دوو نازناوی خولی فەرەنسا و نازناوێکی جامی سوپەری فەرەنسایان لەگەڵ یانەکە بردەوە.
 
هەردوو یاریزانەکە گرێبەستەکانیان لە 30ـی ئەم مانگە کۆتاییدێت، هەردووکیان لەلایەن سعودییەکانەوە داوادەکرێن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە خولی ئەو وڵاتەدا یاریی بکەن، مێسی لەلایەن هیلالەوە و رامۆسیش لەلایەن هیلال و نەسڕەوە گرنگیی پێدەدرێت، بەڵام هێشتا هەردوو یاریزانەکە بڕیاری کۆتاییان نەداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە