تەواوی وردەکارییەکانی تیروپشکی مۆندیالی داهاتوو

دوێنێ کاژێر 04:14
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیالی رەگبی تیروپشکی مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەینی داهاتوو، کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە سەنتەری کینێدی بۆ هونەر، لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تیروپشکی مۆندیالی 2026 رادەکێشرێت.
 
تیروپشکی کۆتایی بۆ 42 هەڵبژاردە ئەنجامدەدرێت کە هەڵبژاردە بەشدارەکان تاوەکو ئێستا بریتین لە:
 
کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا وەک وڵاتی میوانداریکەر.
 
نوێنەرانی ئاسیا.. ئوسترالیا، ئێران، ژاپۆن، ئوردن، کۆریای باشوور، قەتەر، سعودیە و ئۆزباکستان.
 
ئەفریقا.. جەزائیر، کۆتدیڤوار، کاپ ڤێردی، میسر، گانا، مەغریب، سەنیگال، باشووری ئەفریقا و تونس.
 
ئەمریکای باشوور.. ئەرجەنتین، بەرازیل، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، پاراگوای و ئۆرۆگوای.
 
ئۆقیانوسیا.. نیوزیلەندا.
 
ئەورووپا.. نەمسا، بەلجیکا، کرواتیا، ئینگلتەرا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەرویج، پۆرتوگال، سۆتلاند، ئیسپانیا و سویسرا.
 
لە کۆی ئەو 48 هەڵبژاردەیەی سەرکەوتوون بۆ پاڵەوانێتییەکە، تەنیا شەش هەڵبژاردە تاوەکو ئێستا دیارنین و مانگی سێی داهاتوو ناوی ئەو شەش هەڵبژاردەیەش دەردەکەوێت.
 
چوار هەڵبژاردە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەورووپاوە دێن کە ئەم هەڵبژاردانە رکابەری لەسەر کورسییەکای دەکەن، ئەلبانیا، بۆسنە، چیک، دانیمارک، ئیتاڵیا، کۆسۆڤۆ، ئێرلەندای باکوور، مەسەدۆنیای باکوور، پۆڵەندا، ئێرلەندا، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، سوێد، تورکیا، ئۆکراینا و وێڵز.
 
شەش هەڵبژاردەی دیکەش رکابەریی لەسەر دوو کورسیی پاشکۆی جیهانیی پاڵاوتنەکان دەکەن کە بریتین لە بۆلیڤیا، کۆنگۆ، عێراق، جامایکا، کالیدۆنیا و سۆرینام.
 
دابەشکردنی ئاستەکان..
 
هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان بۆ مۆندیالەکە، بەسەر چوار ئاستی جیاوازدا دابەشدەکرێن. لە ئاستی یەکەمدا، هەڵبژاردەکانی کەنەدا، مەکسیک، ئەمریکا، ئیسپانیا، ئەرجەنتین، فەرەنسا، ئینگلتەرا، بەرازیل، پۆرتوگال، هۆڵەندا، بەلجیکا و ئەڵمانیا دەبن. هەریەکێک لەم هەڵبژاردانە سەری کۆمەڵەیەک دەگرێت.
 
لە ئاستی دووەمدا، هەڵبژاردەکانی، کرواتیا، مەغریب، کۆڵۆمبیا، ئۆرۆگوای، سویسرا، ژاپۆن، سەنیگال، ئێران، کۆریای باشوور، ئیکوادۆر، نەمسا و ئوسترالیا دێن.
 
ئاستی سێیەمی دابەشکردنەکە بریتییە لە میسر، جەزائیر، تونس، قەتەر، سعودیە، نەرویج، پەنەما، سکۆتلاند، پاراگوای، کۆتدیڤوار، ئۆزباکستان و باشووری ئەفریقا.
 
ئاستی چوارەم بریتییە لە غانا، کۆراساو، ئوردن، کاپ ڤێردی، هایتی، نیوزیلەندا و هەر چوار هەڵبژاردە سەرکەوتووەکە لە پاشکۆی پاڵاوتنی ئەورووپی و پاشکۆی جیهانی.
 
رێوڕەسمەکە بە راکێشانی ناوی هەڵبژاردەکانی ئاستی یەکەم دەستپێدەکات، پاشان هەموو ئاستەکانی دیکەش بەهەمان شێوە دەبێت.
 
مەکسیک سەرووی کۆمەڵەی یەکەم دەبێت، کەنەدا سەرووی کۆمەڵەی دووەم و ئەمریکا کۆمەڵەی چوارەم.
 
هەر 48 هەڵبژاردەکە بەسەر 12 کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن، پاڵەوان و دووەمی کۆمەڵەکە راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی دواتر و هەشت باشترین سێیەمی کۆمەڵەکانیش بەهەمان شێوە.
 
بۆ لەبەرچاوگرتنی بنەمای دادپەروەری لە تیروپشکەکەدا، پڕۆسەی تیروپشکەکە دوو ئاراستەی جیاواز وەردەگرێت، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی هەڵبژاردە هەر پێشەنگەکان. فیفا وایکردووە کە هەڵبژاردەکانی ئیسپانیای یەکەمی جیهان و ئەرجەنتینی دووەم بەدوو ئاراستەی جیاوازدا بڕۆن، هەمان شت بۆ فەرەنسای سێیەم و ئینگلتەرای چوارەمیش راستە.
 
ئەو هەڵبژاردانە ئەگەر پێشەنگی کۆمەڵەکانیان بگرن، تاوەکو کۆتایی رووبەڕووی یەک نابنەوە.
 
تیروپشکەکە هەروەها بنەمای ئەوەی داناوە کە دوو هەڵبژاردەی یەک کیشوەر لە کۆمەڵەیەکدا نەبن، تەنیا ئەورووپا نەبێت کە 16 نوێنەری هەیە.
 
هەر کۆمەڵەیەک دەبێ، هەڵبژاردەیەکی ئەورووپی یان دووانی تێدا بێت.
 
وەک پێشتر گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئامادەی تیروپشکەکە دەبێت و بڕیارە چەندین ئەستێرەی بواری سینەما و تۆپی پێ و گۆرانیبێژان و نوێنەری هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان، لە تیروپشکەکەدا بەشداربن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە