کۆبوونەوە گرنگ و یەکلاکەرەوەکە لە ریال مەدرید ئەنجام دەدرێت

04-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، ئاشکرایان کردووە کە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە و ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەرازیلی بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی شاهانە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کۆبوونەوەکەی پێرێز و ڤینیسیۆس دیدارێکی تایبەتی و رووبەڕوو دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت چەندین پەیام و بڕیاری یەکلاکەرەوە لەخۆی بگرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتراڵی ئیسپانی، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە روونکردنەوەی هەڵوێستی پێرێزە سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی ڤینیسیۆس، کە پێرێز بە کاتێکی هەڵەی زانیوە، لەکاتێکدا داواکارییە داراییەکانی یاریزانەکە گەورەن و ریال مەدریدیش ئامادە نییە قبوڵی بکات.
 
ڤینیسیۆس داوا لە ریال مەدرید دەکات کە مووچەیەکی هاوتای مووچەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی پێبدرێت، کە زۆرترینە لەنێو سەرجەم یاریزانانی ریال مەدرید و بریتییە لە 25 ملیۆن یۆرۆی بێ باج.
 
ئەو یاریزانەی کە هەمیشە خواستی خۆی بۆ مانەوەی درێژخایەن لە یانەکە دەربڕیوە، ئێستا لەدۆخێکی ئاڵۆزدایە، چونکە وادیارە داواکارییەکانی لەگەڵ واقیعی ئێستا و پلانەکانی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەردا ناگونجێن، کە رەتیدەکاتەوە رێگە بدات ئەم جۆرە بابەتانە سەرنجی تیپەکە پێش دەستپێکردنی وەرز پەرشوبڵاو بکەنەوە.
 
کێشە سەرەکییەکە لە ناکۆکی نێوان لێدوانەکانی ڤینیسیۆس و ئاستی نێو یاریگایدایە. پێرێز پێیوایە ئاستی ئێستای یاریزانەکە زۆر دوورە لەو ئاستەی کە پاڵنەری بوو بۆ کێبڕکێکردن لەسەر خەڵاتی باڵۆندۆر لەساڵی 2024، ئەمەش گوشاری یانەکەی لەسەری زیاتر کردووە.
 
لەکاتی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراودا، پێرێز هەوڵ دەدات ئەستێرەکەی رازی بکات بەوەی کە پێویستە ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە، ئەگەر دەیەوێت شوێنی خۆی لە تیپەکەدا مسۆگەر بکات و دەرگای دانوستاندن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بکاتەوە کە تاوەکو حوزەیرانی 2027 بەردەوامە. بەتایبەتی کە کارگێڕیی یانەکە نایەوێت لەدەستی بدات و خواستی روونی هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی تیپەکە.
 
سەرەڕای ویستی ریال مەدرید بۆ هێشتنەوەی ڤینیسیۆس، چاوەڕوان ناکرێت یانەکە بە داواکارییەکانی یاریزانە بەرازیلییەکە رازی بێت و بۆ مانەوە لە یانەکە پێویستە ڤینی ئاستی داواکارییەکانی دابەزێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە