رووداو دیجیتاڵ
یانەی لانس بەکۆکردنەوەی 40 خاڵ لە 17 یاری، پێشەنگی ریزبەندیی ئەم وەرزەی خولی فەرەنسی گرتووە.
یانە فەرەنسییەکە سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، 13 بردنەوە، یەکسانبوونێک و 3 دۆڕانی هەیە، 31 گۆڵی تۆمارکردووە و 40 خاڵی هەیە، بەمەش بەجیاوازی خاڵێک لەپێش پاریس سانجێرمانە.
پیێر سەیج، راهێنەری یانەی لانس، جێپەنجەی لەسەر شێوازی یاریکردنی تیپەکە دەرکەوتووە، شێوازی گوشاری بەرز و هێڵی بەرگری سێ کەسیی تووند بەکاردەهێنێت، لەڕووی هێرشبردنیشەوە، لانس بەشێوەیەکی خێرا لە دۆخی بەرگرییەوە دەڕواتە دۆخی هێرشبردن و دەگاتە گۆڵی بەرامبەر، ئەمەش بووەتە هۆی بەدەستهێنانی 8 بردنەوە لە دوایین 8 یاریدا، بەشێکیان بردنەوەی گرنگ بوون بەرامبەر تیپە بەهێزەکانی وەک مارسیلیا و مۆناکۆ.
زنجیرەی 8 بردنەوەی لەسەریەک، بە بردنەوەی گەورەی 3-0 بەرامبەر تۆلۆز، 4-1 بەرامبەر مۆناکۆ و 3-0 بەرامبەر لۆریان. باڵادەستی ئەوان دەردەخات لە ڕێگەی بەرگری ڕێکخراو و هێرشی پێچەوانەی تووند و کوشندە، کە هەر هەڵەیەکی تیپی بەرامبەر بە توندی سزادەدەن.
لەبەرئەوەی یانەکە پشت بە یاریی بەکۆمەڵ دەبەستێت، ئەستێرەکانی هەمەجۆرن لەسەر ئاستی شوێنە جیاوازەکان، ئۆدسۆن ئێدوارد و فلۆریان تۆڤان سەرکردایەتی هێرشەکانی لانس دەکەن،دینەمۆکانی ناوەڕاست، کاپتنی یانەکە تۆماسۆن و مامادۆ سەنگارێن، هێڵی بەرگریی یانەکەش تووندییەکەی لە بەهێزی ئەستێرەی پێشووی چێڵسی، مالانگ سار و گانیۆی 20 ساڵ سەرچاوەی گرتووە.
لانس ئەم وەرزە بەشێوەیەکی روون، وەک ئەسپی رەشی خولەکە دەرکەوتووە، سەرباری فرۆشتنی ئەستێرەکانیان و نرخی پێکهاتەکەیان کە تەنیا 88 ملیۆن یۆرۆیە، یەکگرتوویی لانس و گرێبەستە زیرەکەکانیان وایکردووە پێش زەبەلاحەکانی وەک پاریس و مارسیلیا بکەون، ئەمە لەکاتێکدایە، لویس ئێنریکێ ئەوەی خستەڕوو کە یانەی پاریس سانجێرمان سوورە لەسەر بەدەستهێنانی خولی فەرەنسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ