ئەو ئافرەتەی بووە هۆی زیندانیکردنی رۆناڵدینیۆ، دەستگیرکرا

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن رۆناڵدینیۆ باڵۆندۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خانمە بزنسمانێکی تۆمەتبار بەساختەکاریی پاسپۆرتی رۆناڵدینیۆ، خۆی رادەستی دەسەڵاتدارانی پاراگوای کرد، پاش نزیکەی شەش ساڵ لە خۆشاردنەوە.
 
ئەو ئافرەتە بزنسمانە، تۆمەتبارە بەساختەکردنی ئەو پاسپۆرتەی بەهۆیەوە رۆناڵدینیۆ ساڵی 2020 لە پاراگوای ئازادکرا، بەرلەوەی بە دەستەبەری پارە، ئازاد بکرێت.
 
رۆناڵدینیۆی براوەی باڵۆندۆری 2005، ماوەی نزیکەی مانگێک لە بەندیخانە و نزیکەی پێنج مانگ لە ئاسۆنسیۆن، نیشتەجێی بەزۆریی کرا، پاشئەوەی لەگەڵ رۆبێرتۆی برای لە مانگی سێی ساڵی 2020 ویستی بچێتە ئەو وڵاتە.
 
ئافرەتە بزنسمانەکە، ناوی دالیا لۆپێزە، تەمەنی 55 ساڵە و لە کاتی سەرهەڵدانی کێشەکەی رۆناڵدینیۆوە داواکراوە، چونکە ئەو دۆکۆمێنتەکانی گەشتکردنی رۆناڵدینیۆی رێکخستووە.
 
رۆناڵدینیۆ، ئەوکات لەگەڵ گەیشتنی بە پاراگوای بەهۆی پاسپۆرتی ساختە و ناسنامەی ساختەوە، دەستبەسەرکرا.
 
پێشتر، ئەو یاریزانەی بارسێلۆنا، لە ساڵی 2018 لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەرازیلەوە پاسپۆرتەکەی لێسەنرایەوە، پاشئەوەی سەرکۆنەکرا بەدروستکردنی ڤێلایەک لە ناو پانکێکی پارێزراوی سرووشتی.
 
رۆناڵدینیۆ هەروەها بە لێسەندنی بڕی 2،5 ملیۆن دۆلار سزادرا.
 
دالیا لۆپێز، دوای خۆڕادەستکردنی بەپۆلیسی پاراگوای گوتی، هەستیکردووە تەندروستیی لەمەترسیدایە، بۆیە بڕیاریداوە کۆتایی بەخۆشاردنەوەکەی بهێنێت.
 
پۆلیسی پاراگوای پشکنینان بۆ ئەو شوێنە ئەنجامدا کە ئەو خۆی لێشاردبووەوە لە ئاسۆنسیۆ و لەوێ دەستیان بەسەر 200 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا گرت.
 
دالیا رووبەڕووی پێکهێنانی گرووپی مافیایی و ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمیی دەبێتەوە.
 
لەسەرەتاکانی سەرهەڵدانی تەنگژەکەی رۆناڵدینیۆدا، پۆلیس نزیکەی 20 کەسی لە فەرمانبەرانی دەزگای کۆچی پاراگوای و پۆلیس دەستگیرکرد.
 
رۆناڵدینیۆ ناچاربوو بۆ خۆپاراستن لە دادگاییکردنی ئاشکرا، بڕی 90 هەزار دۆلار لەبری ئازادکردنی بدات، براکەشی بڕی 110 هەزار دۆلاریدا و دوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستبەسەری، ئازادکران و پاراگوایان بەجێهێشت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە