ئەستێرەیەکی بەرازیل بەهۆی نەخۆشییەکی دەگمەنەوە وازی لە یاریکردن هێنا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئۆسکار
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئۆسکاری یاریزانی پێشووی یانەی چێڵسی و هەڵبژاردەی بەرازیل، بەهۆی تووشبوونی بە حاڵەتێکی دەگمەنی بوورانەوە، لە تەمەنی 34 ساڵیدا بڕیاریدا بەیەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت و گرێبەستەکەی لەگەڵ ساوپاولۆ هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ئەو یاریزانە بەرازیلییە، دوایین وێستگەی یاریکردنی لەگەڵ یانەی ساوپاولۆی وڵاتەکەی بوو، رۆژی چواری ئەم مانگە، بە فەرمی وازهێنانی خۆی راگەیاند. بڕیارەکەی ئۆسکار دوای ئەوە هات پزیشکەکان دەستنیشانیان کرد، یاریزانەکە تووشی نەخۆشی (vasovagal syncope) بووە. ئەو حاڵەتە دەبێتە هۆی دابەزینی کتوپڕی پەستانی خوێن و لێدانی دڵ، ئەوەش وا لە یاریزانەکە دەکات لە کاتی یاریکردندا ببوورێتەوە.
 
ئۆسکار لە مانگی یەکی 2025 پەیوەندی بە ساوپاولۆوە کرد و تەنیا 21 یاری بۆ ئەو یانەیە ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا توانی 2 گۆڵ و 5 ئەسیست بکات. یاریزانەکە سەبارەت بەو بڕیارە ناچارییە گوتی "دەمتوانی زیاتر بۆ ساوپاولۆ بکەم، پێموایە لە رووی توانای جەستەیی و تەمەنیشەوە گونجاو بووم، بەڵام بەداخەوە ئەمە روویدا". هەروەها گوتی "ئێستا واز دەهێنم و تەنیا وەک هاندەرێک پاڵپشتیی ساوپاولۆ دەکەم".
 
ئۆسکار، پێشتر بۆ ماوەی 5 وەرز لە پرێمەرلیگ درێسی یانەی چێڵسی پۆشی، لەو ماوەیەدا 2 نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا. دوای جێهێشتنی ئینگلتەرا رووی لە خولی چینی کرد و بۆ ماوەی 7 وەرز لەگەڵ یانەی شانگهای پۆرت یاری کرد و 3 نازناوی خولی ئەو وڵاتەی بردەوە. ئۆسکار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی 48 یاری بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل ئەنجامدا و یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی مۆندیالی 2014.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە