رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمان کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی هێناوە بۆ یارییەکی لووتکە لە مۆندیالی یانەکاندا ئامادەیە و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە پاڵەوانێتییەکەدا بچێتە پێشەوە.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 لە ئەتلەنتا هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن لە لووتکەی قۆناخی هەشتی مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
رۆژی هەینی پاریس سانجێرمان دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، عوسمان دێمبێلی، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەکە دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا تووشی پێکانێکی سووک بوو گەڕاوەتەوە نێو یاریگەکان و بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەیە، یاریزانەکە دەڵێت "ئەگەر راهێنەر بڕیار بدات ئامادەم بەشێوەی سەرەکی یاری بکەم."
پاریس سانجێرمان دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەیەوێت لەسەر ئاستی جیهانیش ئەنجامی باشی هەبێت، بۆیە زۆرترین چاوی لەسەرە و یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە، بەتایبەت کە پێکهاتەی یانەکە پڕە لە ئەستێرەی دیار و ئاستبەرز.
یانەی بایرن میونشن رۆژی هەینی دوایین مەشقەکانی بۆ لووتکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان ئەنجامدا و سەرجەم یاریزانەکانی بۆ یارییەکە ئامادەن.
بایرن میونشن لە یاریگەی مێرسیدس بێنز بەرامبەر پاریس سانجێرمان یاری دەکات و دەیەوێت قۆناخێکی دیکەی رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکان ببڕێت.
یانە باڤارییەکە لە قۆناخی رابردوودا بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی فلامینگۆی بەرازیلی بەدەستهێنا، یانەکە خاوەنی هێڵێکی هێرشبەری بەهێزە لە چوار یاریی رابردوودا 17 گۆڵی تۆمارکردووە و دەیەوێت بەرامبەر پاریس سانجێرمانیش درێژە بەو ئاستبەرزییەی بدات.
بایرن میونشن 14 یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان کردووە، 8 یاریی بردووەتەوە و 6 یاریی دۆڕاندووە، هیچ یارییەکی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە.
لە دوایین چوار یارییدا کە هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، بایرن میونشن هەموو یارییەکانی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ