یانەی نیوکاسڵ سەرکۆنەی هێرشە نه‌ژادپەرستییەکەی سەر ویلۆک دەکات

دوێنێ کاژێر 03:46
دیاری حەسەن
نیشانەکردن نیوکاسڵ یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی نیوکاسڵ یونایتد راگەیەنراوێکی تووندی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی ئەو هێرشە نه‌ژادپەرستییە تووند و نالەبارانەی کرد کە کرانە سەر جۆ ویلۆکی یاریزانی یانەکە.
 
یەکشەممەی رابردوو، جۆ ویلۆک لە دوایین ساتەکانی یاریی نیوکاسڵ و کریستاڵ پاڵاس، هەلێکی ئاسانی لەدەستدا، بەڵام یانەکەی بردییەوە، هەژمارێک لە ئینستاگرامەوە هێرشێکی تووندی رەگەزپەرستی کردەسەری، جگە لە سووکایەتیکردن بە رەنگی پێستی و بە خێزانەکەی، خاوەنی ئەکاونتەکە هەڕەشەی پلاندانانی بۆ تیرۆرکردنی ئەو یاریزانە کردبوو.
 
ئێوارەی یەکشەممە، ویلۆک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا نامەی هەژمارێکی نەناسراو دەردەکەوێت کە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات و دەستەواژەی رەگەزپەرستانە بەرامبەر خۆی و خێزانەکەی بەکاردەهێنێت.
 
لە راگەیەندراوە فەرمییەکەیدا کە لە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، یانەی نیوکاسڵ یونایتد "بێزاری و تووڕەیی" خۆی بەرامبەر بەم رووداوە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە یەکەمجار نییە ویلۆک دەکرێتە ئامانج، یانەکە جەختی لەسەر ئەم هەنگاوانە کردەوە:
 
ئاگادارکردنەوەی پۆلیس، یانەکە بەفەرمی سکاڵای لەسەر ئەم بابەتە تۆمارکردووە و بەڵێنی هاوکاری تەواوی داوە بۆ ناسینەوە و سزادانی کەسی بەرپرس.
 
پاڵپشتی یاریزان، لە پێشینەی کارەکانی یانەکە دابینکردنی پاڵپشتیی دەروونی و پاراستنی جۆ ویلۆک و خێزانەکەیەتی.
 
داواکاری لە کۆمپانیای مێتا، نیوکاسڵ داوا لە کۆمپانیای مێتا (خاوەنی ئینستاگرام) دەکات، هەنگاوی راستەقینە بنێت و زانیاری پێویست بداتە پۆلیس بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسەی لە پشت هەژمارەکەوەیە.
 
"یانەی نیوکاسڵ پێیوایە سڕینەوەی نامەکان و بەکارهێنانی فلتەر بەس نین".
 
یانەکە هەروەها رایگەیاندووە، "کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا دەبێت کاری زیاتر بکەن بۆ پاراستنی بەکارهێنەران و هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ سزادانی ئەو کەسانەی یاسا دەبەزێنن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە