رووداو دیجیتاڵ
یانەی چێڵسی شوێنگرەوەی ئینزۆ مارێسکای دیاریکرد و بەفەرمی دەستنیشانکردنی لیام رۆسێنیۆری وەک راهێنەری نوێی تیپەکە راگەیاند.
چێڵسی رایگەیاند، رۆسێنیۆری تەمەن 41 ساڵان کە راهێنەری ستراسبۆرگی فەرەنسی بووە، تاوەکو ساڵی 2032 لە مەشقدانی بلووز بەردەوام دەبێت.
رۆسێنیۆر کە لەدایکبووی لەندەنە، لە ماوەی کارکردنیدا لە یانەی ستراسبۆرگ کە 18 مانگ بوو، بۆ یەکەمجار دوای 19 ساڵ، تیپەکەی لە رێگەی پاڵاوتنەکانەوە، گەیاندە کۆنفرانسلیگ.
دەستنیشانکردنی ئەو راهێنەرە ئینگلیزییە دووپاتکەرەوەی پابەندبوونی چێڵسییە، بەستراتیجی کارکردنی درێژخایەن و رێکەوتن لەگەڵ راهێنەر و یاریزانان بە گرێبەستی درێژخایەن، ئەگەرچی لە ماوەی خاوەندارێتی تۆد بۆیلی بۆ یانەکە، رۆسێنیۆر دەبێتە پێنجەم راهێنەر لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، مەشقدانی یانەکە لە ئەستۆ بگرێت.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، رۆسێنیۆر لە ستراسبۆرگ، گەنجترین پێکهاتەی سەرەکییان هەبوو لە مێژووی خولی فەرەنسا، ئەوەش زۆر گونجاو بوو لەگەڵ شێوازی بیرکردنەوەی بەڕێوەبەرانی یانەی چێڵسی و پلانەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی یانەکە، ئەمە لە کاتێکدایە، چێڵسی و ستراسبۆرگ لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە (بلوو کۆ) خاوەندارێتیی دەکرێن.
جگە لە کاروانەکەی لە فەرەنسا، رۆسێنیۆر لە ئینگلتەراش راهێنەرایەتی کردووە، ئەو لەگەڵ هۆڵ سیتی گەیشتە یارییەکانی پاشکۆی سەرکەوتن بۆ پرێمەرلیگ و نزیکبوو لە گەڕاندنەوەی ئەو یانەیە بۆ خولی نایاب.
ئەو راهێنەرە پێشتر وەک یاردەدەری راهێنەری یانەی دێربی کاونتی، وەین روونی، کاری کردووە.
لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئینگلتەرا، رۆسێنیۆر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ وەرگرتنی پۆستی یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان و گوتی "زۆر دڵخۆش بەوەی وەک راهێنەری یانەی چێڵسی دەستنیشانکرام، ئەم یانەیە خاوەن رووحییەتێکی تایبەت و مێژوویەکی پڕ لە نازناوە، چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵ ئەم کۆمەڵە یاریزانە بەهرەمەندە بۆ بنیاتنانی تیپێک کە هاندەرانمان شانازی پێوە بکەن".
رۆسێنیۆر لە ئەرکە نوێیەکەی، سەرکردایەتی تیپێک دەکات کە ئێستا لە پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگە، ئەرکی سەرەکیی ئەو مامەڵەکردن دەبێت لەگەڵ خشتەیەکی چڕی یارییەکان لە مانگی یەکدا، ئەو یانەیە لەم مانگەدا لە 4 پاڵەوانێتیی جیاواز یاریی دەکات، یاری نیوەی کۆتایی کاراباو کەپ بەرامبەر ئارسیناڵ، یاریی قۆناخی سێیەمی ئێف ئەی کەپ بەرامبەر چارلتۆن ئاتلێتیک، دوو یاریی چارەنووسسازی چامپیۆنزلیگ و 4 یاریی ئاگرینی پرێمەرلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ