رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، گورزێکی دیکە لە بارسێلۆنا دەدات، کاتێک گرێبەست لەگەڵ لاوێکی بەهرەمەند دەکات، کە بارسێلۆنا زۆر هەوڵیداوە بۆ بەدەستهێنانی.
بابەتەکە پەیوەندی بە ئەبوبەکر مایگای ناوەڕاستکاری هێرشبەریی تەمەن 16 ساڵانەوە هەیە کە لەدایکبووی مالییە و ماوەیەکی زۆرە بووەتە جێگەی سەرنجی یانەی بارسێلۆنا.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەو یاریزانە لاوە خێرایە، کە بەهۆی بەشداریکردن لە هەڵبژاردەی تەمەنە جیاوازەکانی وڵاتەکەی، سەرنجێکی زۆری کەوتووەتە سەر، ئێستا زۆر نزیکە لە پاریس سانجێرمان، لە کاتێکدا بارسا ماوەیەکی زۆر هەوڵی بۆ داوە.
هەوڵەکانی بارسێلۆنا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەبوبەکر، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بۆ ماوەیەک لە یانەی بارسێلۆنا پێکەوەژیانی هەبوو، بەشداریی لە مەشقەکانی یانەکە کرد، لەوێ توانا و بەهرەی گەورەی پێشاندا، بەرلەوەی بگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی، لەپێناو چاوەڕێکردن بۆ ئەوەی تەمەنی بگاتە تەمەنی یاسایی گواستنەوە بۆ ئەکادیمیای یانەکە.
سەرچاوەکان دەڵێن، پاریس سانجێرمان لەناکاو هەلی بێدەنگبوونی بارسای لە دەستەوارەکە قۆستووەتەوە و چووەتە نێو بابەتەکەوە.
یانە فەرەنسییەکە لەماوەی رابردوودا، ئەو لاوەی بردووەتە ئەکادیمیاکەی خۆی، تاقیکردنەوە و مەشقی جیاوازی پێکردووە، لەوەش مەترسیدارتر بۆ بارسا ئەوەیە کە ئەو یاریزانە، لەگەڵ سانجێرمان بەشداریی لە جامی ئۆڵیمپیای ئایندە کردووە، کە لە ئەکادیمیای ئەیاکسی هۆڵەندی ئەنجامدراوە، ئەوەش لەپێناو تەواو شارەزابوون لە تواناکانی.
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی نزیک لە بارسێلۆنا دەڵێ، ئەو بەشداریکردن و مەشقانەی لە سانجێرمان کراون، دووپاتیدەکەنەوە ە پاریس رێگەخۆشدەکات بۆ ئەوەی بەفەری گرێبەست لەگەڵ ئەو لاوە بکات، بەرلەوەی تەمەنی ببێتە 18 ساڵان.
رۆژنامە ئیسپانییەکە زیاتر دەڵێ، گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو بەهرەمەندە، هێندەی دیکە ململانێی تووندی نێوان بارسا و سانجێرمان بەهێزتردەکات و بەرپرسانی بارسێلۆنا ناتوانن بەئاسانی بیرۆکەی لەدەستچوونی ئەو بەهرەمەندە قبووڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ