رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری یانەی سیروانی نوێ لەدوای کۆتایهاتنی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، بەهۆی نەگەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە، دەستی لە کارکێشایەوە و لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "لەبەرئەوەی را و بۆچوونمان لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە تەواو جیاواز بوو، بڕیارمان دا بەردەوام نەبین".
یانەی سیروانی نوێ چەندین وەرزە لە ئاستێکی جێگیردایە و هیچ کاتێک هەڕەشەی دابەزینی لەسەر نەبووە. لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستانیش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەوەش لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا راهێنەرەکەی بڕیاری دا بەردەوام نەبێت.
غەریب محەممەد، راهێنەری تیپی پێشکەوتووی تیپەکە، سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "من ماوەی سێ وەرزە لەگەڵ یانەی سیروانی نوێدام، خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ یانەکە و ستافی کارگێڕی هەیە، من رامگەیاندووە کە لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ بەردەوام نابم و هۆکارەکەشی بۆ رێکنەکەوتن لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی یانەکە دەگەڕێتەوە، چەندینجار دانیشتین، بەڵام رێکنەکەەوتین".
ئەو زیاتر گوتی "را و بۆچوونمان لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە تەواو جیاواز بوو، بۆیە پێمباش بوو بەردەوام نەبم".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا تەنیا غەریب محەممەدە سیروانی نوێ بەجێدەهێڵێت یان نا؟ ، راهێنەرەکە لە وەڵامدا گوتی "من و ستافەکەم بەتەواوی دەستمان لەکارکێشاوەتەوە، کاپتن بابان عەلیی یاریدەدەر و مەریوان ئەحمەد، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکەش یانەکە بەجێدەهێڵن و لە داهاتوودا دەگەڕێینەوە کاری راهێنەرایەتی".
یانەی سیروانی نوێ لەم وەرزەدا لە خولی پلە سێیەکانیش بەشداریی کرد و لە خولی نایابی کوردستانیشدا خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەر بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ