رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یاریی لووتکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە قۆناخی هەشت لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێت، کاتێک یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی یاریی دەکات.
کاژێر 22:00 سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێتە شانۆی یارییەکی دیکەی گەورەی ئەورووپا، کاتێک هەردوو تیپ لە یاریی چووندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
بەهۆی جیاوازیی ئاستی هەردوو یانە لەم وەرزەدا، زۆرن ئەوانەی پێیانوایە ریال مەدرید لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر ئاڵۆزدایە و دەرچوون لێی ئاسان نابێت.
یانەی شاهانە رۆژی دووشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجامدا، کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ یارییەکە ئامادەن و دەیانەوێت سەرکردایەتیی تیپەکەیان بکەن بۆ ئەوەی یاریی چوون لە یاریگەی خۆیان ببەنەوە.
لە ریزەکانی یانەی شاهانە تیبۆ کۆرتوا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، فێرلان مێندی بەهەمان شێوە ئامادەنییە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، جود بێلینگهام بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەڵام دیارنییە بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات یان یەدەگ.
ریال مەدرید لە دوایین چوار وەرزی رابردوودا، هیچ یارییەکی لە چامپیۆنزلیگدا لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوە لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاندووە و دەیەوێت ئەمشەویش پارێزگاری لەو ژمارەیەی بکات بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی بەردەوامبێت.
ئەوەی تایبەتە بە بایرن میونشن، یانە ئەڵمانییەکە بە بەرزترین ئاست و ئامادەییەوە روویکردووەتەوە مەدرید، تیپەکە دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئەرکی لە یاریی گەڕانەوەدا ئاسان بێت.
تەواوی پێکهاتەی بایرن بۆ یاریی ئەمشەو ئامادەیە، بەر لە یارییەکە بە رۆژێک هاری کەین، گۆڵکاری تیپەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە دوایین راهێنانەکانی یانەکەدا کرد و دوای ئەوەی شاندی تیپەکە بەرەو مەدرید بەڕێکەوت.
بایرن میونشن لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، 32 گۆڵی تۆمارکردووە و لە قۆناخی رابردوودا لە یانەی ئاتالانتای ئیتاڵیی بردەوە.
دوایین سەردانی بایرن میونشن بۆ یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە وەرزی 2023-2024 بوو کاتێک بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە یانەی ریال مەدرید دۆڕا و لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە.
یانە ئەڵمانییەکە لە کۆی 14 یاری کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامیداون تەنیا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دوایین بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ریال مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2000-2001 بووە.
لە کۆی ئەو 14 یارییەی لە نێوان هەردوو یانە ئەنجامدراون، ریال مەدرید خاوەنی 9 بردنەوەیە، بایرن میونشن 3 بردنەوەی هەیە و 2 جار هەردوو تیپ یەکسانبوون.
لەنێو ئەو یاریزانانەی ئێستا یاریی دەکەن، ڤینیسیۆس جونیۆر بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ گۆڵکاری رووبەڕووبوونەوەکەیە.
ریال مەدرید بەگشتی 28 یاریی بەرامبەر بایرن میونشن کردووە، هەریەکەیان خاوەنی 12 بردنەوەن و 4 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 9 گۆڵ، گۆڵکاری یارییەکانی نێوان هەردوو یانەیە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ریال مەدرید بۆ یارییەکە

پێکهاتەی پێشبینیکراوی بایرن میونشن بۆ یارییەکە


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ