رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، ڤینیسیۆسی لە ئێمباپێ بەلاوە پەسەندترە و بە لێدوانێکی شۆکهێنەر سەرلەنوێ نەخشە و ریزبەندیی ئەستێرەکانی ریال مەدرید دەکێشێتەوە.
وادیارە ئەو مشتومڕەی لەسەر ئاستی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی لەگەڵ ریال مەدرید هەیە، لە نێو یانە شاهانەکەدا بەگەرمی دەمێنێتەوە.
لەکاتێکدا ئەم هێرشبەرە لاوە بە لێهاتووییەکی بێ وێنە بەردەوامە لە گۆڵ تۆمارکردن، رووبەڕووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی دەگووترێت کەمتەرخەمە لە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەرگری بۆ هاوڕێکانی.
هەندێک لە هاندەرانی ریال مەدرید ماڵپەڕێکیان بەناوی mbappe2029.com دروستکردووە، کە کاتژمێرێکی ژماردنی پێچەوانەی تێدایە بۆ ئەوکاتەی لە گرێبەستەکەی ئێمباپێ ماوەتەوە، کە لە حوزەیرانی 2029 کۆتایی دێت. تەنیا ژماردنی کات نییە، بەڵکو ماڵپەڕەکە بەردەوام کۆی ئەو بڕە پارەیەش نوێ دەکاتەوە کە یانەکە بەو هێرشبەرە فەرەنسییەی داوە لەو کاتەوەی لە هاوینی 2024 پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا، خوانما کاستانێۆ، پێشکەشکاری بەرنامەی بەنێوبانگی رادیۆی ئێل پارتیدازۆ دی کۆپی، مشتومڕێکی نایەوە کاتێک بۆچوونێکی سەبارەت بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە شاهانەکە ئاشکرا کرد.
کاستانێۆ لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە بەرنامەکەدا بەڕاشکاوی ئاماژەی بە هەڵوێستی سەرۆکی یانەکە بەرامبەر یاریزانە فەرەنسییەکە کرد و گوتی "فلۆرێنتینۆ، ڤینیسیۆسی لە ئێمباپێ پێ باشترە".
ئەو پێشکەشکارە روونیکردەوە کە هەرچەندە پێرێز شەش وەرزی هاوینەی بەسەربرد لە هەوڵی گواستنەوەی ئێمباپێ، بەڵام تێڕوانینی بۆ ئەم دوو یاریزانە لە ناو سیستمەکەی تیپەکەدا گۆڕاوە دوای ئەوەی پێکەوە لە یاریگادا بینینی، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا سەرۆکی ریال دوای ئەم ئەزموونە هاوبەشە "زیاتر ڤینیسیۆسی پێ باشە".
ئەم لێدوانە لە ناوەڕاستی وەرزێکدا دێت کە ئاستی یانەی مێرێنگی هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە؛ لە لایەک ڤینیسیۆس جونیۆر بە ئاستێکی بەرز دەردەکەوێت کە تێکەڵەیەکە لە کارامەیی هێرشبەری و هەوڵی بەرگری، لە بەرامبەریشدا تواناکانی ئێمباپێ هێشتا بەدوای گونجانی تەواوەتیدا دەگەڕێن لەگەڵ شوناس و شێوازی یانەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ