ریال مەدرید دەیەوێت بێرنابیۆ بۆ بایرن بکاتە دۆزەخ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا وەڵامی داواکارییەکی یانەی ریال مەدرید دەداتەوە و یانەکە دەیەوێت سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر یانەی بایرن میونشن بکاتە دۆزەخ.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی بایرن میونشن یاریی دەکات و تیپەکەی خۆی بۆ شەوێکی تایبەت ئامادەدەکات.
 
یارییەکە کۆبوونەوەی دوو رکابەری گەورەیە لەسەر ئاستی تۆپی پێی ئەورووپا و هەردوو تیپ پێشتر چەندینجار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە و جیهان چاوەڕێی یارییەکی ئاگرینی هەردوولا دەکات.
 
بەر لە یارییەکە یانەی ریال مەدرید داواکارییەکی پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا کردووە، بۆ ئەوەی رێگەبدات بنمیچی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا دابخرێت، یۆفا بە داواکارییەکەی ریال مەدرید رازیبووە و ئەمشەو یاریگەکە بەتەواوی دادەخرێت.
 
بەپێی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، بۆ یارییەکانی چامپیۆنزلیگ، پێویستە ریال مەدرید پێشتر بەفەرمی داواکاریی بۆ داخستنی بنمیچی یاریگەکەی پێشکێشبکات.
 
بە داخستنی بنمیچی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدرید دەیەوێت دۆخێکی پڕ لە جۆش و خرۆش لە یاریگەکەیدا دروستبکات، بۆ ئەوەی دەنگی هاندەرانی زیاتر و باشتر بگاتە یاریزانانی بایرن میونشن و بەو شێوەیە کاریگەری لەسەر تیپی بەرامبەر دروستبکات.
 
ریال مەدرید لیستی تیپەکەی بۆ یارییە بەهێزەکەی ئەمشەو راگەیاند، ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ، گۆنزالۆ گارسیا و فرانکۆ ماستانتونۆ وەکو هێرشبەر بۆ یارییەکە بانگهێشتکراون.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئەگەری هەیە ئەمشەو لە یارییەکەی بەرامبەر بایرن میونشن هەریەکە لە ئێدێر میلیتاو و تیاگۆ پیتارچ بەشێوەی سەرەکی یاریی بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە