ڤیدیۆ؛ ئەوەی لە تۆپی پێدا بە کەس نەکراوە میورا کردی

07-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کازویۆشی میورا
کازویۆشی میورا
نیشانەکردن کازویۆشی میورا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کازویۆشی میورا، هێرشبەری یانەی ئەتلەتیکۆ سوزوکا، ریکۆردی خۆی وەک بەتەمەنترین یاریزان لە خولی تۆپی پێی ژاپۆن درێژکردەوە بە تەمەنی 58 ساڵ و 130 رۆژ، ئەمەش لە یارییەکی تایبەتی یادکردنەوەدا بوو بە ناونیشانی "یاریی 40ـەمین ساڵیادی دەرکەوتنی کازویۆشی میورا" کە رۆژی یەکشەممە لە یاریگای تایبەتی یانەکە لە شاری سوزوکا بەڕێوەچوو.
 
یانەکەی خولی پلە چواری ژاپۆن، یارییەکەی خۆیانیان لە بەرامبەر ڤێرتین میێ وەک ئاهەنگێک بۆ 40ـەمین وەرزی یاریکردنی ئەم ئەفسانەیەی تۆپی پێی ژاپۆن دیاریکردبوو.
 
ئەمە یەکەمجار بوو میورا لەم وەرزەدا لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاری بکات، و دووەم دەرکەوتنی بوو بە گشتی.
 
میورا، کە شەرەی کاپتنیی لە بازوو بەستبوو، بۆ ماوەی 45 خولەکی یەکەم یاریی کرد، هەرچەندە ڕاستەوخۆ بەشداریی لە دروستکردنی هیچ هەلێکی گۆڵکردندا نەکرد.
 
میورا بە شێوەی پیشەگەرانە لە بەرازیل، ئیتاڵیا، کرواتیا، ئوسترالیا و پورتوگال یاریی کردووە. یەکەم یاریی پیشەگەریی خۆی لە ساڵی 1986 لەگەڵ یانەی سانتۆسی بەرازیلی ئەنجامدا، کە یانەیەکە بەهۆی ئەستێرەی بەرازیلی، پێلێ، ناوبانگی دەرکردووە.
 
لە ساڵی 2017 و لە تەمەنی 50 ساڵیدا، بووە بەتەمەنترین یاریزان کە لە یارییەکی پیشەگەریدا گۆڵ تۆمار بکات. بەمەش ریکۆردی پێشووی شکاند کە بە ناوی ستانلی ماتیۆزی ئەستێرەی ناوداری ئینگلیزییەوە بوو.
 
میورا یەکێک بوو لە یەکەمین ناوە گەورەکانی تۆپی پێی ژاپۆن. لە 89 یاریدا 55 گۆڵی تۆمارکردووە و لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەستێرەی هەڵبژاردەی ژاپۆن بوو.
 
یانەی ڤێرتین میێ لە گێمی یەکەمدا بە ئەنجامی 3-1 پێشکەوتبوو، بەڵام ئەتلەتیکۆ سوزوکا لە گێمی دووەمدا گەڕایەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-3 یەکسان کردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە