پاریس سانجێرمان دەیەوێت هاندەرێکی ریال مەدرید بکاتە شوێنگرەوەی ئێمباپێ

07-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان بیر لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی لاو دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە ئەگەری رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ، شوێنی ئەستێرە فەرەنسییەکە بگرێتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا یاریزانەکە لە یانەی پاریس سانجێرمان نەڕۆیشت، بەڵام هێشتا ئێمباپێ هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ یانەکە نییە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی هاوینی ساڵی 2024 بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی، کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان چاوی لە تواناکانی خڤیچا کڤاراتسخێلیا، ئەستێرەی جۆرجی و یانەی ناپۆلییە و دەیەوێت یاریزانەکە بۆ شوێنگرتنەوەی ئێمباپێ بباتە ریزەکانی.
 
ناپۆلی زەحمەتە بە ئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت و بۆ فرۆشتنی یاریزانە جۆرجییەکە داوای 170 ملیۆن یۆرۆ.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئێمباپێ ئامادەیی پێشانداوە دەستبەرداری 100 ملیۆن یۆرۆی پاداشتەکەی ببێت و لە یانەی پاریس سانجێرمان وەری نەگرێت، بۆ ئەوەی لە هاوینی ساڵی داهاتوودا بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات.
 
کڤاراتسخێلیا پێشتر چەندجارێک ئەوەی راگەیاندووە کە هاندەری ریال مەدریدە و خەونی یارییکردنی بۆ یانەکە هەیە، باوکیشی زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کە کوڕەکەی لە منداڵییەوە هاندەری ریال مەدریدە و هەمیشە لەگەڵ ماڵباتەکەی سەیری یارییەکانی یانەکە دەکات.
 
لە وەرزی رابردوودا کڤاراتسخێلیا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ ناپۆلی پێشکێشکرد و رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە