لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو لە تەرزیچەوە لەبارەی یاریی ریال مەدرید و بایرن میونشن

08-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێدین تەرزیچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێدین تەرزیچ، راهێنەری یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، دڵخۆشیی خۆی بە گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ پێشاندا و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو باس لە یاریی نێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن دەکات.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای بردنەوەیان لە پاریس سانجێرمان و گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، تەرزیچ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی چۆن ئاهەنگ دەگێڕن؟ گوتی "نەخێر، هیچ پلانێکمان نییە، شەوەکە ئەوەندە کورتە کاتی ئاهەنگگێڕانمان نییە، هەستی زۆر زۆرمان هەیە و لەگەڵیدا دەژین، هەوڵدەدەین هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر یاری بێت، ئێستا هەمووان ئاهەنگ دەگێڕن، رەنگە هەندێک بیری ئەم ئێوارەیە جوانە بکەین و دڵنیام بە کاتێکی زۆر جواندا تێدەپەڕین، کارەکە بۆ من زۆر نایابە و لە کۆتاییدا توانیمان بگەینە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، پێویستە بەردەوامبین."
 
ئێدین لەبارەی یارییەکەوە گوتی "شتێکی تەواو سریالییە، بەڵام سەرکەوتووبووین و لە راستیدا ئێمە شایستەی ئەوە بووین بگەینە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەهۆی کارکردنی بەکۆمەڵەوە توانیمان بەرامبەر یانەیەکی بەهێز کارەکە ئەنجامبدەین، شانازییەکی گەورە بە تیپەکەم و دەستەی هونەری و هەموو یانەکەوە دەکەم."
 
لەبارەی ئاهەنگی هاندەرانەوە ئێدین تەرزیچ دەڵێت "کاتێکی سۆزاوییە، ساتێکی زۆر جوانە، ساڵی رابردوو هاندەران بەکردەنی لەپشتمان بوون، ئەمڕۆ پاداشتەکەیان وەرگرت، ئەوان لەگەڵ ئێمەدا شایەنی بردنەوەن و ئێستا ئێمە لە یاریی کۆتایین، هیوادارین بە جامەکەوە بگەڕێینەوە وڵات."
 
پرسیار لە تەرزیچ، دەتانەوێت لە یاریی کۆتایی بەرامبەر کامیان یاری بکەن، بایرن میونشن یان ریال مەدرید؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "کامیانم دەوێت؟ دەزانن ئێمە بەربژێرنین، بەڵام ئێستا گەشبینین، هیوادارم لە یارییەکەدا 6 کارتی سوور بەرزبکرێنەوە، بەڵام نازانم، بە لەبەرچاوگرتنی تیپەکان، رووبەڕووی هەر کامیان ببینەوە زۆر زەحمەت دەبێت، بەڵام ئەوە یارییە و دەکرێت هەموو شتێک رووبدات."
 
بۆرووسیا دۆرتموند لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، بردنەوەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان دووبارە کردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە