پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوانیان.. دۆناڵد ترەمپ: کەس لە رۆناڵدۆ باشتر نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە، سەرسامیی خۆی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگال دەربڕی، دووپاتیکردەوە کەس لە رۆناڵدۆ باشتر نییە.
 
ترەمپ ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵدا کردووە و دووپاتیدەکاتەوە، کریستیانۆ وەک وەرزشوان و وەک کەسایەتی، "بێوێنەیە".
 
لەماوەی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی چاوی بەکریستیانۆ رۆناڵدۆ کەوت، لە ئێوارەخوانێکدا بەئامادەبوونی محەممەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە، لە کۆشکی سپی پێکەوە کۆبوونەوە.
 
پێشتر، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ویستی خۆی بۆ چاوپێکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕیبوو. دۆن ئەوکات گوتبووی، ترەمپ یەکێکە لەو کەسانەی دەتوانن هاوکاربن بۆ گۆڕینی جیهان.
 
لە ئێوارەخوانەکەی کۆشکی سپیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا سەردانی رۆناڵدۆ بۆ کۆشکی سپی، رێزی زیاتر بۆ ئەو لەلای بارۆنی کوڕی بەدەست دەهێنێت. سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، "کوڕەکەم زۆر سەرسامە بە رۆناڵدۆ، چاوی پێیکەوت، پێموایە ئێستا کەمێک زیاتر رێزم دەگرێت، لەبەرئەوەی بەیەکەم گەیاندن، دەمەوێ سوپاسی ئامادەبوونی هەردووکتان بکەم و شانازم".
 
دۆناڵد ترەمپ لە ماڵپەری Truth Social لە پەیامێکدا دەڵێ، "کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانێکی مەزنی تۆپی پێیە، کەمێک لەمەوبەر تەلەفۆنی بۆ کردم بۆ ئەوەی سوپاسم بکات بەهۆی سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی و ئۆڤاڵ ئۆفیس، ئەو کەسێکی ناوازەیە، نەک تەنیا وەک وەرزشوان، بەڵکو وەک کەس ناوازەیە، کەس لەو باشتر نییە".
 
رۆناڵدۆ، هاوینی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەشداریی لە مۆندیالی 2026 دەکات کە زۆرینەی یارییەکانی، لە ئەمریکا بەڕێوەدەچن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە