رووداو دیجیتاڵ
یانەی بێنفیکا، بەخێرایی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە دوورخستنەوەی جۆزێ مۆرینیۆ لە مەشقدانی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی دەکەن.
بێنفیکا لەگەڵ کاسا بیا بە گۆڵێک بۆ هەر یانەیەک یەکسانبوو، ئەوە مشتومڕ و دەنگۆی ئەوەی هێنایە ئاراوە کە سپێشەڵ وەن لە مەشقدانی یانەکە دوورخراوەتەوە، چونکە یەکسانبوونەکەی ئومێدی یانەکەی لە بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی خولی پۆرتوگال، زۆر لاوازکرد.
کارگێڕیی یانە پۆرتوگالییەکە هەر هەواڵێکی لەبارەی دوورخستنەوەی مۆرینیۆی خاوەن دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ پۆرتۆ و ئینتەر رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە ئەو راهێنەرە قاڵە، لە بەڕێوەبردنی تیپەکەی بەردەوامە.
سپێشەڵ وەن کە پێشتر سێ نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە، لەگەڵ بێنفیکا لە وەرزی ئەمساڵدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام دوای ئەنجامدانی 28 یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولەکە، حەوت خاڵ لە پۆرتوی پێشەنگی ریزبەندییەکە دوورە و پلەی سێیەمی گرتووە.
رۆی کۆستا، سەرۆکی یانەی بێنفیکا دەنگۆکانی دوورخستنەوەی جۆزێی رەتکردەوە و گوتی، "جۆزێ تاوەکو ساڵێکی دیکە گرێبەستی لەگەڵمان هەیە، هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نییە".
ئەو سەرۆکە دووپاتیکردەوە، "ئێمە هاوڕایی و تەباییەکی تەواو لە نێوانماندا هەیە".
پێشتر هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانیی پۆرتوگالی ئاشکرایانکردبوو، خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی مۆرینیۆ، ئامۆژگاریی ئەو راهێنەرەی کردووە دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام ئەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "خۆرخێ بەڕێوەبەری کارەکانمە، بەڵام بڕیار بڕیاری منە و بڕیاری منیش ئەوەیە کە دەمەوێت لەگەڵ بێنفیکا بەردەوام بم".
مۆرینیۆ تاوەکو ئێستا لە 39 یارییدا سەرپەرشتی بێنفیکای کردووە، 23 بردنەوە و 8 یەکسانبوونی هەیە.
مۆرینیۆ نەیشاردووەتەوە کە ئومێدیان لەبارەی رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولی ئەمساڵی پۆرتوگال لاواز بووە، ئەو دەڵێ، "لەسەر ئاستی وەرزشی، ئامانجمان گۆڕاوە بۆ ئەوەی لە کۆتایی وەرزدا پلەی دووەم بەدەست بهێنین، ئەوەش پشت بە ئەنجامی ئەو یارییانەمان دەبەستێت کە ماومانە".
بێنفیکا لە دوایین پێنج یاریی خۆیدا لە خولی پۆرتوگال، سێ بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و مۆرینیۆ گوتویەتی تیپەکەی بۆ بەدەستهێنانی پلەی دووەم، تەنیا پشت بەئەنجامەکانی خۆی نابەستێت، بەڵکو دەبێ سپۆرتینگی دووەمی ریزبەندییەکە، دوو خاڵ لەدەست بدات، تاوەکو بێنفیکا دڵنیاببێتەوە لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ