رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی لەم وەرزەدا ئەنجامدەدات و بەبردنەوەی یارییەکە هەنگاوێکی زۆر گەورە لە گەیشتن بە سوپەرلیگ نزیکدەبێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمشەو کاژێر 20:00 لە ئیستەنبوڵ یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئێرۆک سپۆر یاریی دەکات و هەردوو یانە رکابەری لەسەر پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە دەکەن.
ئامەدسپۆر بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، لە 12 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە دوایین 5 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەنیا 1 گۆڵی لێکراوە.
یارییەکە بۆ ئامەدسپۆر زۆر گرنگە و ملیۆنان هاندەر لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و جیهان چاوەڕێی ئەم یارییە دەکەن، بەوپێیەی ئێستا ئامەدسپۆر بە جیاوازیی 4 خاڵ لە پێش میواندارەکەیەتی و بەبردنەوەی یارییەکە جیاوازییەکەیان دەبێتە 7 خاڵ. جگە لەوەش بەبردنەوەی یارییەکە یانەکەی باکووری کوردستان هەنگاوێکی زۆر گەورە لە گەیشتن بە خولی سوپەرلیگی تورکیا، کە بەهێزترین و باڵاترین ئاستی تۆپی پێی تورکیایە نزیکدەبێتەوە.
لە یاریی چووندا کە لە یاریگەی ئامەدسپۆر ئەنجامدرا، کەسک و سوور بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئێرۆکی بردبووەوە، دەیەوێت ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەوە دووبارەبکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە یاریزانانی ئامەدسپۆر دوایین یەکەی مەشق و راهێنانیان لە یاریگەی خۆیان ئەنجامدا و دوای ئەوە بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێکەوتن و سەرجەم یاریزانەکان بۆ ئەم یارییە گرنگ و بەهێزە ئامادەن.
یانەی ئێرۆک لە دوایین 5 یارییدا دوو یاریی بردووەتەوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و دوو یاریی دۆڕاندووە، ئامەدسپۆر چاوی لەوەیە سوود لە نا هاوسەنگی ئەو یانەیە وەربگرێت بۆ ئەوەی زیاتر لە گەیشتن بە سوپەرلیگ نزیک ببێتەوە.
ئەگەر ئامەدسپۆر یارییەکەی ئەمشەو بباتەوە، چوار یاریی لە رکابەرییەکانی خولەکەدا دەمێنێت، جیاوازییەکەی لەگەڵ رکابەرە سەرەکییەکەی 7 خاڵ دەبێت، ئەو کاتە بە دوو یەکسانبوون یان بردنەوەیەکی دیکە، ئامەدسپۆر سەرکەوتنی بۆ سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر دەکات و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامەکانی ئێرۆک سەردەکەوێت.
ئەگەر ئەوە روویدا، ئامانجی ئامەدسپۆر لە گەیشتن بە سوپەرلیگەوە دەبێتە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی خولی پلە یەکی تورکیا، کە بۆ ئەوەش رکابەریی ئەرزرووم سپۆر دەکات، کە ئێستا بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ