هەواڵێکی زۆر خۆش گەیشتە بارسێلۆنا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا فرێنکی دی یۆنگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای شۆکە ئەورووپییەکەی بارسێلۆنا، کە بەئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا، هەواڵێکی خۆش گەیشتە هاندەرانی ئەو یانەیە.
 
هانزی فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، هەواڵێکی دڵخۆشکەری پێگەیشت دوای شکستی یانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کە دوێنێ چوارشەممە بەڕێوەچوو.
 
بارسا لە یاریگای خۆیدا بەئەنجامی 2-0  بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا، ئەمەش ئەرکی گەیشتن بە نیوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای قورس کرد، کە لە یارییەکەدا پاو کوبارسی، بەرگریکاری بارسا، چەند خولەکێک پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەم بە کارتی سوور دەرکرا.
 
بڕیارە یاریی گەڕانەوە شەوی سێشەممەی داهاتوو لە یاریگای  میترۆپۆلیتانۆ ئەنجام بدرێت، بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەو تیپەی دەگاتە نیوەی کۆتایی، کە تێیدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ئارسیناڵ و سپۆرتینگ لیسبۆن دەبێتەوە.
 
لەسەروبەندیی ئەم شۆکەدا، هەواڵێکی خۆش گەیشتە بارسێلۆنا و رۆژنامەی  مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ  ئاماژەی بەوە کردووە کە فرێنکی دی یۆنگی هۆڵەندی، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بلاوگرانا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشداری لە بەشێکی مەشق و راهێنانەکانی تیپەکەدا کردووە لە یاریگای کامپ تیتۆ ڤیلانۆڤا لە شارۆچکەی وەرزشیی خوان گامپەر.
 
دی یۆنگ لە 26ـی شوباتی رابردووەوە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورکەوتبووەوە و لەو کاتەوە لەژێر پرۆگرامێکی چاکسازی دابوو و رێگەی پێنەدرابوو پێشوەختە بگەڕێتەوە ناو یاریگاکان.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی هەموو ئاماژەکان، دی یۆنگ لە گێمی دووەمی یارییەکەی بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل بەشداری دەکات، کە رۆژی شەممەی داهاتوو لە چوارچێوەی گەڕی 31ـی لالیگا بەڕێوەدەچێت. 
 
ئامانج لە بەشداریکردنی دی یۆنگ بەرامبەر ئیسپانیۆل ئەوەیە کە لایەنی جەستەیی و هەستی یارییەکانی بۆ بگەڕێتەوە، تاوەکو بەتەواوی ئامادەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی ناوەڕاستی بارسا لە یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە شەوی سێشەممەی داهاتوو.
 
بارسێلۆنا ئێستا بەکۆکردنەوەی 76 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگایە و بەجیاوازی 7 خاڵی تەواو لە پێش ریال مەدریدی دووەمە، لە کاتێکدا تەنیا 8 گەڕ بۆ کۆتایی هاتنی خولەکە ماوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە