تیپی رەگبی کوردستان بووە چوارەمی فێستیڤاڵی ئیجە
رووداو دیجیتاڵ
تیپی رەگبی کوردستان بەشداری لە فێستیڤاڵێکی رەگبی جیهانی دەکات لە یۆنان و پلەی چوارەم بەدەستدێنێت. زیاد فەرەجی یاریزانی تیپی رەگبی کوردستان بە رووداوی گوت "ئێمە ئێستا تیپێکی باشمان هەیە و جێگەی شانازییە لەگەڵ چەندین تیپی بەهێزی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئوسترالیا پلەی چوارەم بەدەستبێنین".
لە رۆژانی 7 و 8ـی ئەم مانگە تیپی رەگبی کوردستان بەنوێنەرایەتی کوردستان بەشداری کرد لە چوارەمین فێستیڤاڵی رەگبی ئیجە، کە لە یۆنان بەڕێوەچوو و 16 تیپ بەشدار بوون.
تیپی کوردستان توانی پلەی چوارەم بەدەستبێنێت، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی تیپەکان بەهێز بوون و لە وڵاتانی جیاجیای وەک کەنەدا، ئیتاڵیا، دانیمارک، ئیمارات، فەرەنسا، یۆنان، ئەڵمانیا، نەمسا و بەلجیکا بەشداربوون،
زیاد فەرەج، یەکێک لە یاریزانانی تیپی رەگبی کوردستان، لە لێدوانێکدا باسی دروستبوونی تیپەکەیانی کرد و بە رووداوی گوت "ئێمە وەک تیپی رەگبی کوردستان پێنچ یان شەش ساڵە لە هەولێر خەریکی ئەو یارییەین، پێشتر زۆربەی یاریزانەکانمان بیانی بوون ئەوانەی لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکەوە بەمەبەستی جیاجیا لە کوردستان بوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا زۆربەی یاریزانەکانمان کوردن و تیپێکی باشمان هەیە، تەنیا یەک یان دوو یاریزانی بیانیمان هەیە".
ئەو لەبارەی بەشداریکردنیان گوتی "ئیمە بە پێکهاتەیەکی بەهێزەوە بەشداریمان لە چوارەمین فێستڤالی ئیجە کرد و پلەی چوارەممان بەدەستهێنا، ئێمە لەم پاڵەوانێتییەدا هەستمان بە گۆڕانکارییەکی زۆر کرد، چونکە ئێمە تەنیا 5 بۆ 6 ساڵە دامەزراوین، لەکاتێکدا هەموو ئەو تیپانەی دیکە ساڵانێکی زۆرە دامەزراون و یاریزانەکانیان هەر لە منداڵییەوە سەرقاڵی ئەم یارییەن، بۆیە بەدەستهێنانی پلەی چوارەم لەنێو 16 تیپی بەهێزدا دەستکەوتێکی باشە".
جگە لەم فێستڤالە ساڵانە تیپی رەگبی کوردستان بەشداری لە فێستڤالی رەگبی سێڤن لە دوبەی دەکات، کە راهێنەر و یاریزانانی متمانەیەکی زۆریان بەتواناکانیان هەیە و دەتوانن لە چەند ساڵی دهاتوودا زۆر بەرەو پێشەوە بچن.