چیرۆکەکە کۆتاییهات.. ئێمباپێ هاندەرانی ریال مەدرید بێهیوا دەکات

10-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاریس سانجێرمان ئارامیی نەماوە و ریال مەدرید گوێی لێ نییە، سێ هەفتە وادەی تەواوبوونی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان ماوە، هێشتا پاریس سانجێرمان رێگەیەکی نەدۆزیووەتەوە بۆ ئەوەی ئێمباپێ رازی بکات لە یانەکە بڕوات.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان، گرێبەستێکی شەیتانییە، یاریزانەکە چاوەڕێی 240 ملیۆن یۆرۆ دەکات، لەنێوان پاداشتی وەفاداری و پاداشتی مانەوە لە یانەکەدا ."
 
یاریزانەکە تاوەکو ئێستا ئامادەنییە دەستبەرداری هیچ شتێک ببێت، بەڵکو دەیەوێت تاوەکو هاوینی 2024 لە یانەکە بمێنیتەوە و داهاتووی خۆی ئەو کاتە دیاری بکات.
 
بەپێی رۆژنامەکە، تاوەکو ئێستا ئێمباپێ بەهێز ماوەتەوە و هیچ نیشانەیەکی لاوازیی تێدا دەرنەکەوتووە، ئەمەش قەتەری خستووەتە نێو دوو دڵییەکی زۆر و مەدریدیش بەتەواوی ئارامە.
 
کیلیان نایەوێت لەگەڵ پاریس سانجێرمان بگاتە رێککەوتن، تاوەکو ئێستاش نە وەڵامی پەیوەندییەکانیان دەداتەوە و نە ئامادەیە لەگەڵ یانەکە کۆببێتەوە، ئەو کۆبوونەوەشی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بکرێت ناکرێت و زەحمەتە پاریس بتوانێت یاریزانەکە رازی بکات لە یانەکە بڕوات.
 
جگە لەوەش ئەگەر ئێمباپێ رازی ببێت لە یانەکەش بڕوات، ریال مەدرید پارەیەکی زۆر بە پاریس سانجێرمان نادات، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان یاریزانەکە و یانەکە ریال مەدرید لە 130 ملیۆن یۆرۆ زیاتر پێشکێش ناکات، بەڵام هیچ ئاماژەیەک لە ئێمباپێیەوە نییە و یاریزانەکە دەیەوێت بمێنێتەوە."
 
پلانی پاریس سانجێرمان ئەوەیە ئێمباپێ بۆ یارییەکەی رۆژی شەممە بەرامبەر لۆریان لە خولی فەرەنسا دووربخاتەوە، هاندەران لە دژی یانەکە فیکە لێدەدەن و دژی ئەو هەڵوێستەی دەوەستنەوە و چاوەڕواندەکرێت پاریس هەنگاوەکانی خێراتر بکات بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزێتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئۆک دیاریۆی ئیسپانی، پاریس خەریکە ئارامیی نامێنێت، یانەی پاریس سانجێرمان گوشار دەخاتە سەر کیلیان ئێمباپێ و دەیەوێت یاریزانەکە بکاتە یاریزانێکی تەواو پشتگوێخراو.
 
هەموو پلانی پاریس ئەوەیە ئێمباپێ رازی بکات لەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات و ریال مەدرید ناچار بکات دەستەوارە پێشکێشی یاریزانەکە بکات، بەڵام ئێمباپێ هیچ ئاماژەیەکی نەداوە و ریال مەدریدیش بە ئارامییەوە خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەدەکات و هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
 
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی دەڵێت "چیرۆکەکە کۆتاییهات، ئێمباپێ بە پاریس سانجێرمانی گوتووە، ئەم هاوینە لە پاریس سانجێرمان ناڕۆم".
 
بەمەش ئەگەر ئەمە راستبێت، گواستنەوەی ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمانەوە بۆ ریال مەدرید دوادەکەوێت و چاوەڕوانیی هاندەرانی یانەی شاهانە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
 
گرێبەستی ئێمباپێ ساڵێکی ماوە، ئێمباپێ نایەوێت لە یانەکە بڕوات بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو پاداشتە داراییانە وەربگرێت کە لەلایەن یانەکەوە دەبێت بە یاریزانەکە بدرێن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە