دوو یاریزانی بۆکسێن لە یەک پاڵەوانێتیدا لە ژاپۆن گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

دوو یاریزانی بۆکسێن لە ژاپۆن بەهۆی برینداربوونی مێشکیانەوە کە لە دوو یاریی جیاوازدا لە هەمان رووداوی وەرزشیدا لە تۆکیۆ تووشی بوون، گیانیان لەدەستدا.
 
شیگێتۆشی کۆتاری لە کێشی سوپەر فیزەر و هیرۆماسا ئوراکاوا لە کێشی سووک، کە هەردووکیان تەمەنیان 28 ساڵ بوو، رۆژی 2ی ئاب لە هۆڵی کۆراکوێنی تۆکیۆ لە هەمان پاڵەوانێتیدا، بەڵام لە دوو یاریی جیاوازدا یارییان کرد.
 
دوای برینداربوونیان هەردووکیان بەپەلە گەیێندرانە نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی مێشکیان بۆ کرا.
 
هۆڵی بەرپرس لە رێکخستنی یارییەکە، رۆژی شەممە لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا رایگەیاند، کۆتاری کە دوای 12 خوول (راوند) لەگەڵ یاماتۆ هاتا یەکسان بوو، دوای ماوەیەکی کەم هۆشی لەدەستدا و "کاژێر 10:59 خوولەکی شەوی 8ی ئاب گیانی لەدەستدا."
 
لە پۆستی هۆڵەکەدا هاتووە: "ئەو هەموو هەوڵێکی خۆی دا بۆ ئەوەی بەسەر ئەو نەشتەرگەری و چارەسەرەدا زاڵ بێت کە لە نەخۆشخانەیەکی تۆکیۆ بەهۆی خوێنبەربوونی تووندی مێشکەوە وەریدەگرت."
 
رێکخراوی بۆکسێنی جیهانی (WBO) رۆژی یەکشەممە لە پۆستێکی ئینستاگرامدا رایگەیاند، ئوراکاوا لە خولی هەشتەم و کۆتاییدا بەرامبەر یۆجی سایتۆ راوەستا و "بە شێوەیەکی تراژیدی بەهۆی ئەو برینانەی لە کاتی یارییەکەیدا تووشی بوو، گیانی لەدەستدا."
 
بەپێی راپۆرتی میدیای نێوخۆ، ئوراکاوا شەوی شەممە گیانی لەدەستداوە.
 
رێکخراوی WBO رایگەیاند: "ئەم هەواڵە دڵتەزێنە تەنیا چەند رۆژێک دوای کۆچی دوایی شیگێتۆشی کۆتاری دێت، کە بەهۆی بریندارییەوە لە یارییەکەیدا لە هەمان پاڵەوانێتییدا گیانی لەدەستدا،" ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەوپەڕی سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خێزان و هاوڕێیان و کۆمەڵگەی بۆکسێنی ژاپۆن دەکەین."
 
تسویۆشی یاسوکۆچی، سکرتێری گشتیی کۆمیسیۆنی بۆکسێنی ژاپۆن، بە میدیای نێوخۆی راگەیاند، ئەگەری زۆرە "ئەمە یەکەم جار بێت لە ژاپۆن دوو یاریزان بەهۆی بریندارییەوە کە لە هەمان رووداودا تووشی بوون، نەشتەرگەریی کردنەوەی کەللـەسەریان بۆ بکرێت."