رووداو دیجیتاڵ
جگە لە یەکسانبوون و لەدەستدانی دوو خاڵی گرنگ بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ، دوای یارییەکە کێشەیەکی گەورە لەنێوان دوو ئەستێرەی هەر گرنگی یانەکە روویداوە و ئەگەری هەیە کاریگەری بەسەر دۆخی سەقامگیریی تیپەکە لە یارییەکانی داهاتوودا هەبێت.
رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، دەڵێت "دوای یاریی رایۆ ڤاییکانۆ، کیلیان ئێمباپێ لە ژووری جلگۆڕیندا زۆر لە هاوڕێکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر تووڕە بووە و پێیگوتووە "تۆ خۆپەرستانە یاری دەکەی و پاسم پێنادەی".
لە سوپرایزێکی ناخۆشدا بۆ هاندەرانی ریال مەدرید، تیپە شاهانەکە بۆ دووەم یاری لەسەریەک نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت دوای یەکسانبوونی بەبێ گۆڵ لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆ لە گەڕی دوانزدەیەمی لالیگادا، ئەم یەکسانبوونە دوای دۆڕاندنەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە هەفتەی رابردوودا هات.
ئەو ئەنجامە خراپەی ریال مەدرید بووەتە هۆکاری تووڕەیی زۆر لە یاریزانانی تیپەکە، بەتایبەتی ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێ، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین هێرشبەرەکانی جیهان دادەنرێت، کە بەپێی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵ، کیلیان دوای یارییەکە لە ژووری جلگۆڕیندا ناڕەزایەتییەکی گەورەی نیشانداوە سەبارەت بە نەبوونی پشتیوانی لەلایەن ڤینیسیۆس جونیۆرەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڤینیسیۆس بەهۆی ناجێگیریی ئاست و بڕیارەکانی لە یارییەکەدا بووەتە مایەی نیگەرانی کیلیان ئێمباپێ.
بەپێی راپۆرتەکەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، ئێمباپێ زۆر بێ هیوا بووە بەهۆی خۆپەرستیی ڤینیسیۆس لە کاتی یارییدا، کە هەمیشە لەجیاتی پاسدان و دروستکردنی هەلی گۆڵ هەوڵدەدات بە کۆششی تاکەکەسی یاری بکات، بەتایبەتی کە ئێمباپێ بە یەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە زۆرترین سوود لە تۆپە بڵندەکان یان پاسە وردەکان وەردەگرێت.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "ئەو شێوازەی یارییکردنی ڤینیسیۆس کە تێیدا نمایشکردن زاڵە بەسەر یارییکردنی بەکۆمەڵدا، ئەستێرە فەرەنسییەکەی زۆر بێزار کردووە، چونکە پێیوایە ئەو کارەی ڤینیسیۆس زیان بە تیپەکە دەگەیێنێت و بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی هێرشبردنی ریال مەدرید لە یارییەکانی رابردوودا دادەنرێت، کە لە دوایین دوو یارییدا هیچ گۆڵی نەکردووە.
ئەو سەرچاوەیە دوورتر لەمە دەڕوات و دەڵێت "کیلیان راشکاوانە بە ڤینیسیۆسی گوتووە ""تۆ خۆپەرستانە یاری دەکەی و پاسم پێنادەی". بەڵام باسی کاردانەوەی ڤینی لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئێمباپێ نەکردووە.
بەقسەی دیفێنسا سێنتڕاڵ لە سایەی ئەم قەیرانەی هێرشبردندا، ئێمباپێ بەجددی بیر لە پێویستی گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ راستکردنەوەی دۆخەکە دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر پێویست بکرێت دەبێت ڤینیسیۆس لە پێکهاتەی سەرەکی لە یارییەکانی داهاتوودا دوربخرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ