رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت سوود لە یەکسانبوونی ریال مەدرید وەربگرێت و هەنگاوێکی گرنگ لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا نزیک ببێتەوە، کاتێک بەرامبەر ئیسپانیۆل یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 31ـی خولەکەدا و لە یاریی دێربیی کەتەلۆنیادا، ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 19:30 یانەی بارسێلۆنا لە کامپ نو میوانداریی یانەی ئیسپانیۆلی هاوشاری دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە.
ئەم یارییە بۆ بارسێلۆنا زۆر گرنگە، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەی ریال مەدریدی رکابەری کەوتە داوی یەکسانبوون و دوو خاڵی بەرامبەر یانەی جیرۆنا لەدەستدا. بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆیان بارسا دەتوانێت جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ 9 خاڵ بەرزبکاتەوە و هەنگاوی زۆر گەورە بەرەو بردنەوەی نازناوی لالیگا بنێت.
جگە لەوەش بردنەوەی یارییەکە ورەی تیپەکە دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕاون.
بەر لەم یارییە فرێنکی دی یۆنگ، دوای ماوەیەکی زۆر گەڕایەوە نێو مەشقەکانی بلاوگرانا، رۆژی هەینی بەدرێژایی کاتی مەشقەکانی تیپەکەدا راهێنانی کردووە و ئەستێرە هۆڵەندییەکە بۆ یارییەکە ئامادەیە.
بلاوگرانا لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئیسپانیۆل نەدۆڕاندووە، دوایین دۆڕانی لە کامپ نو بەرامبەر تیپە هاوشارییەکەی لە ساڵی 2009 بوو لە لالیگادا، کاتێک بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا.
بەشێوەیەکی گشتیش لە 13 یاریی رابردووی نێوان هەردوو تیپدا بارسێلۆنا هیچ یارییەکی بەرامبەر ئیسپانیۆل نە دۆڕاندووە، دوایین دۆڕانی لە جامی شای ئیسپانیای ساڵی 2018 بوو کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی 1-0 دۆڕا.
بارسێلۆنا ئێستا یەکەمی ریزبەندی لالیگایە و 76 خاڵی هەیە، ئیسپانیۆل لە پلەی دەیەمی ریزبەندە بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ.
ئیسپانیۆل لە کاتێکدا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، لە ساڵی 2006 هیچ بردنەوەیەکی لە لالیگادا نییە، 13 یارییە تامی سەرکەوتنی نەکردووە و دوایین بردنەوەیان لە 22/12/2025 بووە کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان لە ئاتلێتیک بیلباویان بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ